لە ئێران داوای مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان و قوتابیان دەکرێت

خۆپێشاندان لە ناو زانکۆی شەریفی تاران
خۆپێشاندان لە ناو زانکۆی شەریفی تاران

K24 – هەولێر

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی رێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگیانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا لەگەڵ ئاماژەدان بە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و رووداوەکانی ئەمدواییەی زانکۆی شەریفی تاران، داوای لە مامۆستایان و قوتابیان کردووە رۆژی سێشەممە مانبگرن و نەچنە هۆڵەکانی خوێندن.

لە بەشێکی بەیاننامەی ئەو ئەنجوومەنەدا هاتووە، "دەسەڵات ئەمجارەش لەبری وەڵامی لۆژیکی و ژیرانە، توندوتیژی گرتەبەر و بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 هاووڵاتیمان کوژراون و هەزاران کچی و کوڕ بریندارن و دەستگیرکراون."

ئەنجوومەنەکە داوای لە قوتابیان و مامۆستایان کردووە بۆ نیشاندانی پشتگیری لە خۆپێشاندەران، رۆژی سێشەممە (چواری تشرینی دووەم) لە ناو قوتابخانەکان مانبگرن و نەچنە ناو هۆڵەکانی خوێندن.

هەروەها هاتووە، "ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی رێکخراوە هاوپیشەکانی فەرهەنگیانی ئێران، داوا لە هێزە چەکدارەکان دەکات، ئەرکی سەرەکی خۆیان کە پاراستنی گیان و ئاسایشی هاووڵاتیانە، بەجێبگەیەنن و لە بەرەی خەڵکی ناڕازی و دادخوازدا بن".

خۆپێشاندانەکان لە ئێران بەردەوامە و گەورەترین خۆپێشاندانی شەوی رابردوو (یەکشەممە، دووی تشرینی یەکەم) لە زانکۆی شەریفی تاران بوو.

ئەو زانکۆیە یەک لە گەورەترین و ناودارترین زانکۆکانی ئێرانە و بە پێی زانیاری ئەنجوومەنی ئیسلامی ئەو زانکۆیە، ناڕەزایەتییەکانی شەوی رابردوو، توندوتیژی لێکەوتووەتەوە، بە دەیان قوتابی دەستگیرکراون، بەڵام چارەنووسیان نادیارە و ناشزانن لەلایەن چ هێزێکی ئەمنی ئێرانەوە گیراون.