لە سنووری سلێمانی جارێکی دیکە تەقە لە کامێراکانی هاتووچۆ کرا

"ئەو کامێرایانە وا دەکەن شۆفێران پابەندی یاساکانی هاتووچۆ و خێرایی دیاریکراو بن"
کامێرا جێگیرەکانی هاتووچۆ لە سلێمانی
کامێرا جێگیرەکانی هاتووچۆ لە سلێمانی

K24 - سلێمانی:

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەسەر رێگەی سلێمانی – دووکان، تەقە لە کامێراکانی تیژڕەوی کرا و پارێزەری کۆمپانیاکەش دەڵێت "سکاڵایەکی دیکە لەسەر دۆسیەکە تۆمار دەکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لاوەند فەرەیدوون، پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، کە خاوەنی کامێراکانە بە کوردستان 24ی راگەیاند، کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئاگادارکراوەنەوە لەوەی چەند فیشەکێک نراوە بە کامێراکانی تیژڕەوییەوە لەسەر رێگای سلێمانی – دووکان، ئەوەش زیانی بە کامێراکان گەیاندووە، بۆیە جارێکی دیکە سکاڵا تۆمار دەکەن.

پێشتر لە رۆژی 22ی ئابی 2022 دا لە سەر هەمان رێگە، تەقە لە کامێرا جێگیرەکانی تیژڕەوی کرا و کۆمپانیاکەش لەسەر دۆسیەکە سکاڵای تۆمارکردووە.

لاوەند فەرەیدون دەڵێت "ئێمە نازانین کێ تەقە لە کامێراکان دەکات، بەڵام کۆمەڵێک دەنگۆ بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە دەکرێت، کە ئەو کامێرایانە دەبنە هۆی ڕووتاندنەوەی گیرفانی خەڵک، بەڵام لە راستیدا وانییە، ئەو کامێرایانە وا دەکەن شۆفێران پابەندی یاساکانی هاتووچۆ و خێرایی دیاریکراو بن لەسەر شەقامەکان و ژیانیان پارێزراوبێت".

پارێزەری کۆمپانیاکە باسی لەوەکرد، تا وەزارەتی ناوخۆ پرۆژەکە وەرنەگرێت و بەتەواوی رادەستیان نەکرێت، کامێرا جێگیرەکان ناخرێنەکار.

دانانی کامێرا جێگیرەکانی تیژڕەوی لە سنووری سلێمانی، ناڕەزایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەی لێکەوتەوە و لە رۆژی 23ی ئابدا، بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەکەیان رەتکردەوە و داوایان کرد، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی دانانی کامێرەکان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵبوەشێنێتەوە.

بەگوێرەی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای جێبەجێکار و وەزارەتی ناوخۆ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 220 کامێرای جێگیری تیژڕەوی دادەنرێت، کە بەشێکیان بەشێوەی سیستمی (پۆینت بۆ پۆینت) کاردەکەن.

نزیکەی 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان، پۆلیسی هاتووچۆ، کامێرای گەڕۆکی چاودێری تیژڕەوی بەکاردەهێنێت بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی بەخێرایی زیاتر لە رێژەی دیاریکراو بەسەر شەقامەکاندا لێدەخوڕن.