قەیرانی وزە وڵاتانی ئەوروپا دابەش دەکات

یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر:

وەزیرانی دارایی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسەمبۆرگ کۆبوونەوە، کە تەوەری سەرەکی لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزی نرخی وزە.

دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی چیک رایگەیاند، لەم دۆخەدا دیدگای وڵاتان بۆ چارسەکردنی قەیرانی وزە زۆر جیاوازە.

وەزیری دارایی چیک گووتیشی، دابەزاندنی نرخی وزە بووەتە پێویستییەکی لەپێشینەی ئەندامانی ئەوروپا، بەڵام پێویستی بە رێوشوێنی نیشتمانی هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرزترین نرخی گازی دیاری بکەن، تاوەکو نرخەکان دابەزێندرێن، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا گومانی لەو هەوڵە هەیە.

لەو بارەیەوە، وەزیری دارایی ئەڵمانیا گوتی، دژایەتی پڕۆژەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی وزەی یەکێتی ئەوروپا دەکەن، کە بە هەمان شێوەی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بێت، کاتێک وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی پەنایان بۆ قەرزکردن برد.

لە هەمانکاتدا، وەزیرانی دارایی یەکێتی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر چۆنییەتی پارەدارکردن و تەرخانکردنی 20 ملیار یۆرۆ تاوەکو لە چەند ساڵی داهاتوو پشتبەستنیان بە وزەی رووسیا کەم بکەنەوە.