وۆڵستریت جۆرناڵ: نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران لە هەژاریدا دەژین

خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە
خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە

K24 - هەولێر:

بەپێی راپۆرتێکی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئێران لە هەژاریدا دەژین و ئازاری ئێرانییەکان بەهۆی داڕمانی ئابووری وڵاتەکەیانەوە هۆکاربووە لە فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان و توندتربوونی توڕەیی خۆپیشاندەران.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی  تمەنی ئێرانی، رێژەی هەڵاوسان زیادی کردووە، هەروەها 30 ملیۆن کەس لە ئێران بە هەژار ئەژمار دەکرێن.

بە هۆی گەمارۆکانی رۆژئاوا لە ئێران بە رێژەی 7% هەلیکار کەمی کردووە و  20% یش کرێی کرێکاران کەمی کردووە.

لەدرێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، 10٪ـی بنەماڵە داهات بەرزەکانی ئێران، 31%ی کۆی داهاتی نیشتمانی وەردەگرن، لە بەرانبەردا 10%ی خێزانە کەم دەرامەتەکان، بە 2%ی کۆی داهاتی نیشتمانی دەژین.

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە گیرابوو، خۆپیشاندان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی فراوانی بەرامبەر بەو پرسە نیشان دا.