وەزیری ژینگەی عێراق: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا رۆژانە 10 ملیار دینار زیانمان پێده‌گات

وەزیری ژینگەی عێراق: یەدەگی ئاو لە خراپترین دۆخیدایە
وشكه‌ساڵی
وشكه‌ساڵی

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی ژینگەی عێراق قەبارەی زیانی کاریگەری و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوای ئاشکرا کرد.

جاسم ئەل فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق لە نوێترین لێدوانی ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی راپۆرتی GEO-6ـی نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی بە شێوەیەکی گەورە کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

وەزیری ژینگە دەشڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بە تایبەتی خۆڵبارینەوە، رۆژانە نزیکەی 10 ملیار دینار زیان بە ئابووری عێراق دەکەوێت، بەهۆیەوە ئاستی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەستیاری چەندین نەخۆشی دیکە زیادی کردووە و پێویستیان بە چارەسەرە، لەگەڵ چەندین زیانی دیکە لەسەر ئاستەکانی گواستنەوەی زەمینی و ئاسمانی هاناردەکردنی بەرهەمەکانی نەوت.

روونیشی کردەوە، گۆڕانی ژینگە بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئاماژە بەوەشدەدات، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو بەرزبووەتەوە،سەرەڕای فراوانبوونی رووبەری بە بیابانبوون بەهۆی وشکەساڵی. لە هەمان کاتدا ئاستی خۆڵبارین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.