بایدن: دەتوانم دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ ببەزێنم

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، هێشتا بڕیاری نەداوە کە بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا دەکات یان نا، بەڵام لەهەمانکاتدا جەختی لەوەکردەوە کە دووبارە دەتوانێت دۆناڵد ترەمپ ببەزێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "CNN" گوتی: دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول کە بڕیارە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوو ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 بڕیار دەدەم.

هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو هەڵبژاردنە گشتییانەن کە لە نزیک ناوەڕاستی خولی چوار ساڵەی سەرۆکایەتی سەرۆکێك بەڕێوەدەچن.

جۆ بایدن جەختی لەوەشکردەوە، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکات، لەو باوەڕەدایە کە دەتوانێت دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا دۆناڵد ترەمپ ببەزێنێت.

بایدن کە ئەمساڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی وڵاتەکەدا، بە گوێرەی شیکارییەکی وێبسایتی فۆربێس جۆ بایدن لە ساڵی 2021 تەواوی سامانەکەی بە هەشت ملیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.