سەعدی پیرە: لەتیف رەشید وەك بێلایەنێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار کاندیدکرد

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

K24 – هه‌ولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیەنێت، لەتیف رەشید وەک بێلایەنێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار کاندیدکرد بەڵام ستەمە ئەگەر بە کاندیدی کوردستانی دانەنرێت.

ئەمڕۆ هەینی (14ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری 2022)، سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کوردستان24ی راگەیاند، لەتیف رەشید، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وەك بێلایەنێك خۆی بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق کاندیدکرد.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەتیف رەشید، ئەندامێکی دێرین و دیاری یەکێتی بووە و رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی ئەو حزبە.

هەروەها گوتی، ئەگەر هەر لایەنێکی کوردستانی، گومانی هەبێت لە کوردستانی بوونی لەتیف رەشید، سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، ئەوە ستەمی لێدەکەن.

ئەم لێدوانەی سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەمیانەی بەشداریکردنی شاندی حزبەکەی بوو لە کۆنگرەی پارتە سۆشیال دیموکراتەکانی جیهان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له‌ گه‌ڕی دووه‌م، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا.

دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راسپێردرا.

رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021)، هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا و تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوونه‌بوون له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.