وەزیری کۆچبەرانی یۆنان: مامەڵەی تورکیا لەگەڵ پەنابەران شەرمەزارییە بۆ شارستانییەت

K24 - هەولێر:
نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان رایگەیاند، هەڵسوکەوتی تورکیا بەرانبەر ئەو 92 پەنابەرەی لەسەر سنوور رزگارمانکردن، مایەی شەرمەزارییە بۆ شارستانییەت.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەین ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و دواجار سنوورەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بپارێزێت.
دوێنێ شەممە 15ـی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەری 2022، هێزە ئەمنییەکانی یۆنان لەسەر سنووریی نێوان یۆنان و تورکیا لەنزیك رووباری ئێڤرۆس، 92 کۆچبەریان دۆزیەوە کە سەرجەمیان پیاو بوون و جلوبەرگەکانیان لەبەردا نەبووە.
ئیسماعیل چاتاکلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا وەڵامی وەزیری کۆچبەرانی یۆنانی داوەتەوە و دەڵێت "بەهۆی ئەوەی هیچ پێشێلکاریی مافی مرۆڤتان لەسەر تورکیا نەبینیووەتەوە، دەتانەوێت زوڵمەکەی خۆتان بخەنە ئەستۆی تورکیا".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هۆشداری دایە یۆنان و گوتی: لەبری ئەوەی خەریکی ساختەکاری و دەستوەردان بن، پابەندی مافەکانی مرۆڤ بن و کەمێك شارساتنی بن.