حکومەتی هەرێمی کوردستان: شەو و رۆژ کار لەسەر دروستکردنی پێنج پۆندەکەى زاخۆ دەکرێت

ئاستی ئاو بەرزدەکەنەوە و کەرتى گەشتیاری دەبووژێننەوە
دروستکردنی پێنج پۆند لە زاخۆ
دروستکردنی پێنج پۆند لە زاخۆ

K24 - هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری دروستکردنی پێنج پۆند لەسەر رووباری خابووری زاخۆ دراوە کە لەلایەن چوار کۆمپانیاوە کاریان لەسەر دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دروستکردنى پێنج پۆند لەسەر رووبارى خابوورى زاخۆ، سەڕەڕای ئەوەی دیمەنێکی جوان بە شارەکە و دەوروبەرى دەبەخشێت، ئاستی ئاویش لە نیو مەترەوە بۆ دوو مەتر و نیو بەرزدەکاتەوە و کەرتى گەشتیاری دەبووژێنێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەپێناو ئەوەی ئەو پۆندانە لە کاتی دیاریکراو دروست بکرێن و كارەكانیان خێراتر بەرێوەبچن، چوار کۆمپانیای جیاواز ئەرکى دروستکردنەکەیان لە ئەستۆیە و بە هەر چواریانەوە نزیکەی 200 کرێکار و کارمەند بە زیاتر لە 20 مەکائینەوە شەو و رۆژ بۆ ماوەى 20 کاتژمێر کاریان تێدا دەکەن کە زیاتر لە 75%ـی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە دەستی کاری خۆماڵین.

رووباری خابوور درێژییەکەی 160 کیلۆمەترە و بە 47 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆى زاخۆدا تێدەپەڕێت.

لە ساڵانی رابردوو و بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئاستی ئاوى رووبارەکە بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە، هەر بۆیە بە تەواوبوونی ئەو پۆندانە، خەڵک و ناوچەکە لە کەمئاوى و وشکەساڵى رزگار دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەکرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زاخۆ بووە ئیدارەیەکى سەربەخۆ و ئێستا چەندین پڕۆژەى گەورەى تێدا ئەنجام دەدرێت کە هۆکار دەبن بۆ بووژانەوەى زاخۆ و جوانترکردنى شارەکە وەک دروستکردنى پێنج پۆند لەسەر رووبارى خاپوور و سەوزترکردنى شارەکە و دروستکردنى پارکێکى گەورە و مۆزەخانە و قیرتاوکردنى جادە و ڕێگەوبانەکان و فراوانترکردن و مۆدێرنکردنى دووسایدە سەرەکییەکەى شارەکە.