جۆو بایدن و شێخ محەمەد بن زاید پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

.
.

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئەمەریکا، جۆو بایدن و سەرۆکی ئیمارات، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی وردەکارییەکانی رێککەوتننامەی "هاوبەشیی خێراکردنی وزەی خاوێن" کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژووکراوە.

کارین جان پیێر، گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، بایدن و ئال نهیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

کارین جان پیێر بە بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە یەکی ئەم مانگە لە ئەبوزەبی رێککەوتننامەی هاریکاریی وزەی خاوێن لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرا، رایگەیاندووە: "سەرۆک بایدن سوپاسی سەرۆک ئال نهیان-ی کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی لە پرسەکانی ئاو و هەوا و پشتگیری خۆی بۆ ئیمارات بۆ میوانداریکردنی 28ەمین کۆنفرانسی ئاو و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023، راگەیاند".

گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوو وڵات لە پرسەکانی وەک دەستپێشخەریەکان لە پرسی وزەی خاوێن و وزەی ئەتۆمی مەدەنی هاریکاری یەک دەکەن.