مەسرور بارزانی: مامۆستایان قارەمانەکانمانن

"تەنیا زیادکردنی مووچە بۆ مامۆستایان بەس نییە"
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر بەشداری لە پڕۆگرامی سکۆلەرشیپی هاوبەشی کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی و زانکۆی ئەمەریکی _ کوردستان لە دهۆک کرد.

لە رێورەسمەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی کرد، کە دەرفەتی خوێندنی بۆ ئەو قوتابییانە بە بێبەرامبەر رەخساندووە، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ قوتابییان خواست بەوەی لە داهاتوودا ببنە کەسی کاریگەر و سەرکردەی داهاتوو.

مەسرور بارزانی داوای لە کۆمپانیاکانی دیکە کرد، دەرفەتی هاوشێوە بۆ قوتابییان دابینبکەن و پەرە بە کولتووری خێرخوازی بدەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە دەرچووان خۆیان لەگەڵ ئابوورییەکی ئاڵۆز بگونجێنن و بیرۆکەکانیان بکەن بە بەرهەم.

مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی کەرتی پەروەردە کرد و رایگەیاند، کاری زیاتر بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە دەکەین و، هەموو توانایەک بۆ دەستەبەرکردنی باشترین پەروەردە دەخەینەگەڕ، هەروەها راشیگەیاند، دەبێت لە کەرتی پەروەردە سوود لە تەکنەلۆجیای نوێ وەرگرین و دڵنیاببینەوە قوتابخانەکان دەتوانن نەوەی داهاتوو ئامادەبکەن.

هەر سەبارەت بە کەرتی پەروەردە و مامۆستایان، مەسرور بارزانی گوتی: "مامۆستایان قارەمانەکانمانن و تەنیا زیادکردنی مووچە بۆ ئەوان بەس نییە، بەڵکو توانای زانستی دامەزراوەکانی خوێندن، کوالێتی و توانای مامۆستایان بەرزدەکەینەوە".

هەروەها راشیگەیاند، "تا توانای داراییمان باشتربێت، هاوکاری زیاتری مامۆستایان و قوتابیان دەکەین"، هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەرکی حکومەتە پێداویستییەکانی خوێندن دابینبکات.