لەبارەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە

.
.

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، داشکاندن دەکرێت لە کرێی ئاوی ماڵان بۆ ئەو هاوبەشانەی ئاو کە تائێستا پێوەری ئاویان نەبەستاوە، هەر کەسێک پابەند نەبێت لە دوای وادەی دیاریکراو بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ ئەژمار دەکرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێكەوتی 21/12/2022، ئەو هاوبەشانەی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئەگەر پێوەری ئاویان نەبەستاوە و پێوەر ببەستن، سوودمەند دەبن لە داشکاندنی کرێی ئەو مانگانەی لەسەریانە کە پێشتر بڕی 80 هه‌زار دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان، ئێستا بۆ 20 هەزار دینار لە ناوەوەی شارەكان كەمكراوەتەوە، هەروەها بۆ بڕی 10 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان كەمكراوەتەوە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێچەوانەوە ئەو هاوبەشانەی پابەند نەبن، لە دوای ئەو رێكەوتەوە بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ ئەژمار دەکرێت، بۆ ئەوەی لەو بڕیاری داشكاندنە سوودمەند بن، پێویستە بەزووترین کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو یان فەرمانگەی ئاو بكەن، كارمەندان لە پێشوازیتان دەبن بۆ راییكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو و سوودمەندبوون لە داشكاندنەكە.