پەکەکە لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ هاتە دەنگ

K24 - هەولێر:

پەکەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ دەکات و رەتیدەکاتەوە هێرشەکەی ئەنجامدابێت.

هەریەک لە پەکەکە و (هەسەدە) هێزەکانی سووریای دیموکرات رەتیدەکەنەوە لەپشت تەقینەوەکەی دوێنێی ئیستانبوڵەوە بن.

راگەیەندراوی ئەم دوو لایەنە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ حکومەتی تورکیا پەنجەی تۆمەتەکانی بۆ ئەو دوو لایەنە درێژکرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری هێرشەکە لە عەفرین لەلایەن ئەوانەوە راهێنانی پێکراوە.

دوێنێ یەکشەممە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، بەگوێرەی دوایین ئامار شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسی دیکەش بریندارن.

کونسوڵخانەی عێراقیش لە ئیستەنبوڵ لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بەو تەقینەوەیە رایگەیاند، چوار لە بریندارەكانی تەقینەوەكەی دوێنێی شەقامی ئیستقلال لە ئەستەنبوڵ، عێراقیین.