ئەڵمانیا ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات

بۆردومانه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان
بۆردومانه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ڵمانیا ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و داوا له‌ تاران ده‌كات رێز له‌ یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌روه‌ری عێراق بگرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (14ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا، ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی كردووه‌ و داواشیكردووه‌ دەستبەجێ ئه‌و هێرشانه‌ بوەستێندرێن.

له‌ تویته‌كه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر هاتووه‌، "ئیدانه‌ی هێرشی دووبارەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین. داوا لە ئێران دەکەین رێز لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق بگرێت، دەبێ هێرشەکان دەستبەجێ بوەستێندرێن".

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە (14ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022) هێرشکرایە سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران لە زڕگوێز، كه‌ بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی دوو كه‌س و برینداربوونی هه‌شت كه‌سی دیكه‌.