وەزیری دەرەوەی سووریا: نابێت تەقینەوەیەک بکرێتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر باکووری سووریا

فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا
فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، نابێت تورکیا تەقینەوەی ئیستانبوڵ وەک بیانوو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری وڵاتەکەیان بەکاربهێنیت.

فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا بە رۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری رایگەیاندووە، سووریا هەموو کردارێکی تیرۆریستی لە هەر شوێنێکی جیهان شەرمەزار دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستانبوڵ نییە.

لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، کە دوای تەقینەوەکە دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان تۆمەتبار دەکەن، وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت: "ئەگەر تورکیا بیەوێت رووداوی تەقینەوەکە وەک بەهانەیەک لە دژی سووریا بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت ئەوە بزانێت، کە تورکیا خۆیەتی تیرۆرسیتی بۆ سووریا رەوانە کردووە".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی سووریا "تورکیا بە دەیان و بە سەدان هەزار چەکداری تیرۆریستی بۆ سووریا رەوانە کردووە، بۆیە ئەوە نابێ بکرێتە بەهانەیەک بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا ئەنجام بدات، چونکە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

لە 13/11/2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیسقلالی شاری ئیستانبوڵ روویدا، لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 کەسی دیکە برینداربوون، دوای رووداوەکە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەنجامدەری تەقینەوەکەیان دەستگیرکردووە و "بڕیاری تەقینەوەکە لە کۆبانێ دراوە و ئەنجامدەرەکە لە عەفرینەوە هاتووەتە ناو خاکی تورکیا".