دەروازەی حاجی ئۆمەران بە شێوەیەکی کاتی بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت

دیمه‌نێكی ده‌روازه‌كه‌
دیمه‌نێكی ده‌روازه‌كه‌

K24 – هەولێر

بە سەدان گەشتیار لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران چاوەڕوانی رێگەپێدانن بۆ چوونە ناو ئێران و بەرپرسانی پەیوەندیدار، هۆکاری پەککەوتنی گەشتەکان بۆ "تێکچوونی سیستەم و پچرانی ئینتەرنێت" لە دیوی ئێران دەگەڕێننەوە.

سالار تەحسین، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "بەرپرسانی ئێرانی ئاگاداریان کردووینەتەوە رێگە بە هیچ گەشتیارێک نەدەین گەشت بۆ ئیران بکەن، چونکە سیستەمیان وەستاوە، هەر بەو هۆیەوە ئێستا بە سەدان گەشتیار چاوەڕوانی رێگەپێدانانن".

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە 21ـی تشرینی دووەم) بەرپرسانی ئێران ئەو داوایەیان لە بەرپرسانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کردووە.

بەشیک لە هۆکاری پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران، بۆ خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی شار و شارۆچکەکانی ئەم وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە.

پیرانشار کە نزیکترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستانە لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، چەند رۆژێکە خۆپێشاندانی بەرفراوانی تێدا بەڕێوەدەچێت.