کارمەندانی بیانی لە کەرتی گەشتوگوزار فێری زمانی کوردی دەکرێن
K24 – هەولێر:
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە راهێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت، دوای فێربوونی زمانی کوردی هەلی کارکردنیان پێبدرێت.
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی ئهو دوو بڕیاره، هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی دابیندهكرێت و زمانی کوردیش دەکرێتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارەی کە لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران دراون، لیژنەیەک لە بەڕێوەبهرانی دڵنیایی جۆریی، هونەریی، گەشتیاریی و ژمێریاری لە دیوانی دەستەی گەشتوگوزار پێکهێنراوە.
ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری حكومهتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستانی راگهیاندووه، "بڕیاری یەکەم تایبەتە بە بەرزکردنەوەی رێژەی هێزی كاری ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ 75% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردی".
بەپێی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار پێویستە %75ی هێزی کار لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان خۆماڵى بێت و بە گوتەی سەرۆکی دەستە، لە قۆناغى یەکەمدا رێژەی 30% ههلی كار بۆ كارمهندی ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قوناغەکانی داهاتوودا بۆ 75% بەرزدەکرێتەوە.
لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی، ئهمهل جهلال روونیكردهوه، بڕیاردراوە بۆ پاراستنی شوناسی زمانی کوردی، له نووسینی تابلۆ و لیستی خواردنی هوتێل، چێشتخانە و شوێنەگشتییەكان و تابلۆ هەڵواسراوەکانی شوێنەگەشتیارییەکان، زمانی کوردی زمانی سەرەکی و یەکەم بێت. زمانەکانی دیکەش، ئەگەر بهكاربهێندرێن، پێویستە بەدوای زمانی کوردییەوە بن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەت، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستە راهێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت و دوای فێربوونی زمانی کوردی هەلی کارکردن لە کەرتی گەشتوگوزار بە خەڵکی بیانی بدرێت. ههوهها ئهو كارمهندانهی ئێستا لەم بوارەدا کاردەکەن خولی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ دەکرێتەوە.
ئاماژهبهوهشكراوه، لیژنەکەى دەستەى گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەكان و پێدانی رێنمایی سەردانى هەر هەشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتیاری دەکەن و پرۆسەکەشی لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە.
لە مانگی ئابی رابردوو، بە سڕکردنی بڕیارێک، مانگێک مۆڵەت بە شوێنە گشتییەکان درابوو زمانی کوردی بکەنە زمانی یەکەم و سەرەکی سەر تابلۆکانیان. لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە بەشداری نوێنەرى دەستەى گەشتوگوزار دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و سەرپێچیکارانیش بەم شێوەیە سزا دەدرێن: بۆ جارى یەکەم، ئاگادار دەکرێنەوە، جاری دووەم، بۆ ماوەی حەوت رۆژ شوێنهكانیان دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتیان لێوەردەگیرێتەوە.
لە هەرێمى کوردستان، ئامارێکى ورد لەبارەی رێژەى هێزی کارى بیانى و ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان نییە. دەستەى گەشتوگوزار سەرقاڵى رووپێوێکە بۆ زانینى رێژەى هێزی کار لە کەرتی گەشتوگوزار. دوو جۆر بنکە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکیان تۆمارنەکراون و مۆڵەتیان نییە و بەشێکیشیان مۆڵەتى فەرمییان هەیە و بەسەر (2983) شوێن دابهشبوون:
ـ کافتریا: 714 دانە
ـ شارى یارى: 10 دانە
ـ رێستۆرانت: 589 دانە
ـ خواردن و خواردنەوە: 157 دانە
ـ کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان: 599 دانە
ـ کۆمەڵگەى گەشتیارى: 54 دانە
ـ هۆتێل: 460 دانە
ـ هۆڵى ئاهەنگگێڕان: 72 دانە
ـ یانەى شەوانە: 45 دانە
ـ هۆڵى بۆنە تایبەتییەکان: 1 دانە
ـ ئەپارتمانى راخراو: 282 دانە