له‌ هه‌ولێر 14 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن

باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر
باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ گوژمەی (502,934,000) دینار  14 پرۆژەی خزمەتگوزاری له‌ سنووری شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری ئه‌نجامده‌درێن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، رەزامەندی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (502,934,000) دینار بۆ جێبەجێكردنی 14 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری پەرەپێدانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ لەگەڵ سێكتەری شارەوانی لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، گوژمەی پرۆژەكان لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێره‌ و بەپێی پلانی ساڵی 2022 خەرج دەكرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: بەشێكی پرۆژەكان پێكهاتوون لە نۆژەنكردنەوەی شەقام و دروستكردنی كابینە لە پرۆژەی ئیفراز 3 و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی ڕۆشنبیری، گۆڕینی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی 92/ بەرانبەر پاركی قوتابیان و دانانی تۆڕی ئاو و بەستانی لەگەڵ بیر لە باغمرە شەهاب لە دارەتوو، درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی بەختیاری و گەڕەكی كوێستان و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو بۆ بیرەكانی هاوكاری و زیلان، قیڕتاوكردنی چەند شەقامێك لە كەسنەزان و نۆژەنكردنەوەی شەقام لە ناوچەی پیشەسازی باكوور، لەگەڵ گۆڕین و دابەزینی تۆڕی لە دارەتوو و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی 5ی حەسارۆك، لەگەڵ چەند پرۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری.