سی ئێن ئێن: زێلینسكی سەردانی ئەمەریکا دەکات

ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و چەندین بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و لە کۆنگرێس گوتەیەک پێشکەشدەکات
ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا

K24 – هەولێر

تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن، لەسەر زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا، رەنگە ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢١ـی کانوونی یەکەم) بگاتە واشنتن و لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆککۆماری ئەمەریکا کۆببێتەوە.

دوای هێرشی سەربازیی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی ئازاری رابردوو، ئەوە یەکەم سەردانی ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی بۆ ئەمەریکا دەبێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیوشێتدپرێس، سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیای بۆ ئەمەریکای پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێت، لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەرنامەی سەردانەکە بەتەواوی یەکلانەبووەتەوە.  

ئەسیوشێتدپرێس رایگەیاندووە، زێلینسكی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ جۆو بایدن و چەندین بەرپرسی باڵای ئەمەریکا کۆدەبێتەوە و لە کۆنگرێس گوتەیەک پێشکەشدەکات.

بەپێی ئەو هەواڵەی ئەسیوشێتدپرێس، سەردانەکەی زێلینسكی هاوکاتە لەگەڵ خواستی جۆو بایدن بۆ ناردنی چەکی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا.