هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان بێبەرامبەر دەبێت

K24 – هەولێر

بە پێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە تەواوی بنکە و نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ کەسوکاری شەهیدان بێبەرامبەر دەبێت.

عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان٢٤ـی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنووسێکی هاوبەش لەنێوان وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزیری تەندروستی واژۆکراوە. بە پێی ئەم کۆنووسە هاوبەشە، لە هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تەواوی بنکە و نەخۆشخانە حکوومییەکان ١٠٠٪ داشکاندن بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکرێت و خزمەتگوزارییەکان ئەمانە دەگرێتەوە، چارەسەر، پشکنین و نەشتەرگەری.

بە پێی قسەی عادل مەلا ساڵح، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بەرێژەی ٥٠٪ داشکاندن بۆ کەسوکاری شەهیدان دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بڕی زیاتر لە 19 ملیار دینار قەرزی کرێی خوێندنی چەند ساڵێکی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیان داوەتەوە و بەردەوامیشن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و هەوڵێکیش هەیە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی لە جێی پێدانی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دروست بکەن.