جه‌مال كۆچه‌ر: بێ ده‌نگی حكومه‌تی عێراق و بانكی ناوه‌ندی به‌های دینار زیاتر داده‌به‌زێنێت
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، رۆژانه نزیكه‌ی 80 ملیۆن دۆلار له عێراقه‌وه ده‌برێته وڵاتانی دراوسێ كه ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (26ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، گوشاری سیاسی و ئابووری بووه‌ته هۆی دابه‌زینی به‌های دینار به‌رامبه‌ر دۆلار و بێده‌نگی حكومه‌تی فیدراڵی و بانكی ناوه‌ندی له‌به‌رامبه‌ر روونكردنه‌وه سه‌باره‌ت به هۆكاری دابه‌زینی به‌های دینار بۆ هاووڵاتییان كاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی دینار دروستده‌كات.
جه‌مال كۆچه‌ر روونیكرده‌وه، رێكاره‌كانی بانكی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بانك له مامه‌ڵه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو، هه‌روه‌ها دانانی سه‌كۆیه‌كی ئه‌لیكترۆنی بۆ وردبینیكردن له پسووله‌كانی خه‌رجی كه چه‌ندین پسووله‌ی ساخته‌ی ئاشكراكردووه، ئه‌مه‌ش مامه‌ڵه‌كردنی دراوی بۆ عێراق سنوورداركردووه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به ره‌وانه‌كردنی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ عێراق، جه‌مال كۆچه‌ر باسی له كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ عێراق كرد كه بووه‌ته هۆكارێكی دیكه بۆ دابه‌زینی نرخی دینار، زیاتر گوتی، پاره‌ی فرۆسی نه‌وتی عێراق راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی عێراق ناكرێت و دوای سێ مانگ رێژه‌ی 30% ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی شایسته داراییه‌كانی ئێران له ئه‌ستۆی عێراق بۆ پاره‌ی غاز و دابینكردنی كاره‌با كه ده‌گاته پێنج ترلیۆن دینار، بانكی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكی رێگری كردووه به دۆلار ئه‌و پاره‌یه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه بدرێت به ئێران، بۆیه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی دۆلار له بازاڕه‌كانی ناوخۆی عێراق دروستكردووه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كاندا، جه‌مال كۆچه‌ر ئاشكرایكرد، رۆژانه له (50 بۆ 80) ملیۆن دۆلار له رێگه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كانه‌وه ده‌برێته وڵاتانی درواسێ به‌تایبه‌تی ئێران و توركیا، كه ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی دۆلار له ئاستی پێداویستی بازاڕی ناوخۆ دروستكردووه.
له‌باره‌ی فشاره سیاسییه‌كانی واشنتن له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له گۆڕانكاری له نزیكه‌ی 600 پۆستی حكومه‌ی له‌لایه‌ن سوودانییه‌وه كه شوێنگره‌وه‌كانیش له گروپه نزیكه‌كانی ئێران و دژ به ئه‌مه‌ریكان، وایكردووه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا فشاری سیاسی له‌ڕێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئابووری عێراق به‌كاربهێنێت بۆ سنوورداركردنی ئه‌و گۆڕانكارییانه.
زیاتر گوتی، دۆخی ئابووری عێراق له‌نێوان شه‌ڕی دوو ئیراده‌دایه، كه یه‌كێكیان ده‌یه‌وێت ئه‌و دۆخه سیاسی و ئابوورییه‌ی عێراق وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه بۆئه‌وه‌ی بواری گه‌نده‌ڵی له سوودی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بمێنێته‌وه، ئیراده‌ی دووه‌میش هه‌وڵی سنوورداركردنی بردنه‌ده‌ره‌وه و به‌هه‌ده‌ردانی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بكات، بۆیه له كۆتاییدا كام له‌و دوو ئیراده‌یه سه‌ركه‌وتووبوو، به‌های دینار به‌و ئاراسته‌یه ده‌گۆڕێت.
جه‌مال كۆچه‌ر به پێویستیشی زانی حكومه‌تی عێراقی رێوشوێنی توند بگرێته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی رێگری بكات له‌زیاتر دابه‌زینی به‌های دینار و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دۆلار، كه ئه‌وكات ده‌توانێن له‌ماوه‌ی سێ مانگدا رۆژانه 100 ملیۆن دۆلار له‌ڕێگه‌ی بانكی ناوه‌ندییه‌وه بخاته بازاڕاوه كه ئه‌و رێژه‌یه پێداویستی ناوخۆ پڕده‌كاته‌وه.