شاخەوان عەبدوڵڵا: تائێستا ئێمە دان بە راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک دانانێین

شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەڵامی میدیای یەکێتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەوان وەکو پارتی تائێستاش دان بە راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی بە وەکالەت کەرکووک دانانێن.

لە وەڵامێکدا بۆ میدیای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی بوونی پەیوەندی لەنێوان پارتی و راکان سەعید جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا نووسیویەتی: "کەناڵی گەلی کوردستان زمان حاڵی فەرمی یەکێتی نیشتمانی بە سپۆنسەرەوە لەگەڵ کۆمەڵێک میدیای دروستکراو، راپۆرتێکیان دروستکردووەو شێواندویانە، گوایە من و پارتی پەیوەندی ژێر بە ژێرمان هەیە لەگەڵ راکان سەعید پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بە وەکالەت، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بەدیدارێکی راکان سەعید کردووە لەگەڵ پێشکەش کاری دیار( انور حمدانی )، ئەو پێشکەشکارە پرسیار لەراکان سەعید دەکات کەپەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەبو سەرمەد چوونە واتە خەمیس خەنجەر نەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی لەوەڵامدا راکان سەعید دەڵیت: پەیوەندییەکی باشمان هەیە و رۆژانە قسە دەکەین کە ئەمە بابەتێکی ئاساییە، چونکە خەمیس خەنجەر مەرجەعی سیاسی راکان سەعیدە".

لە بەشێکی دیکەی وەڵامی شاخەوان عەبدوڵڵا هاتووە: "دەمەوێت رونیبکەمەوە، کە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی نێوان ئیمە و سیادە لە ماڵی خەمیس خەنجەر ئەنجامدرا لە هەمان رۆژ راکان سەعید سەردانی ماڵی  خەمیس خەنجەری کرد و لە دوای کۆبوونەوەکە خەمیس خەنجەر گوتی: راکان سەعید لێرەیە و ئێوە زۆر جار گلەییتان لێی هەیە و دەڵێن تاوانبارە، ئەویش رەتیدەکاتەوە تەعەدای لە کورد کردبێت، بۆیە حەزدەکەم دوو دەقە دانیشن و هەرچی کردووە لەگەڵی باسی بکەن،  منیش بە ئامادەبونی بەرێز(ف. ر) کە پلەی وەکیلی وەزیری هەیە و پارتی یە دانیشتین بە ئامادەبوونی خەمیس خەنجەر تەواوی تاوانەکانی لە فشار خستنە سەر جووتیارەکان و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کورد لە فەرمانگەکان و کۆمەڵێک پرسی تر، راشکاوانە باسمان  کرد ئەویش گوتی: بابەتی زەوییەکان دادگا بڕیاری داوە من دەستم لەو کارە نییە، منیش دەستم بۆ موبایلەکەم برد و زیاد لە نووسراوێکی ئەوم خستەڕوو، کە بۆ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ناردووە و داوادەکات جووتیارە کوردەکان دەربکرێن و هاوردەکان بخرینە جێگایان، لەدوای پێشاندانی ئەو بەڵگانە خەمیس خەنجەر زۆری پێ ناخۆش بوو گوتی: دەرکەوت ئەوەی پارتی دەڵێت لەسەر تۆ راستە، ئەویش گوتی ئێمە خەڵکێکی زۆرمان بێسەر و شوێنە، گوتم دەربارەی ئێمە ئەگەر مەبەستت ئەو تیرۆریستانەیە کە گیراون و تاوانیان ئەنجامداوە لێی پەشیمان نین و هەموویان لە کەرکووک دادگایی کران و سزای خۆیان وەرگرتووە، ئەوانەشی تیرۆریست بوونە و لە رووبەڕووبوونەوە کوژراون دیسان لێی پەشیمان نین، گوتی: نەخیر من دەزانم لای ئێوە نییە لە سلێمانی یە گوتم: بڕۆ لەگەڵ ئەوان قسە بکە ئەوەتا ئەوەندە پەیوەندیت خۆشە رۆژانە تیرۆریستت بۆ ئازاد دەکەن".

شاخەوان عەبدوڵڵا، باس لە داوایەکی راکان جبووری دەکات لەو دانیشتنە و دەڵێت: "راکان سەعید گوتی: من یەک داواکاریم هەیە رۆژێک سەردانی پارێزگا بکەیت وەکو نوێنەری شارەکە لەگەڵ ئێمە وەکو ئیدارە کۆبوونەوەیەک رێکبخەیت، گوتم: من و حزبەکەشم دان بەوە دانانێین تۆ پارێزگاری ئیتر چۆن ئەو داوایە دەکەیت و رەتم کردەوە، لە پاش ئەوە من هەستام دەرچووم لە کاتی هەستام راکان سەعید داوای کرد جارێکی تر یەک ببینین بۆ ئەوەی زیاتر لەیەک تێبگەین، بەڵام من ئەو داوایەم رەتکردەوە، لە دوای تەواو بوونی دیدارەکە سەرکردایەتی خۆم ئاگادارکردەوە لەوەی کە بەو شێوەیە وەڵامم  داوەتەوە ئەوانیش دەست خۆشیان هەبوو، هەروەها دوپاتیان کردەوە کە دان بە راکان سەعید نانێین وەک پارێزگار و پشتگیری ئەوەیان کرد،کە دەبێت لەرویی یاساییەوە سزای خۆی وەرگریت لەسەر ئەو تاوانانەی لە کەرکووک ئەنجامی داوە".

جەختدەکاتەوە: "لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرەوە هیچ کۆبونەوەیەک لەنێوان راکان سەعید و بەرپرسانی پارتی ئەنجام نەدراوە، بۆ یەک جاریش رێگەی پێنەدراوە سەردانی هەولێر بکات، کە چەند جارێک داوای کردووە نە ئەوسا و نە ئێستاش ئێمە وەکو پارێزگاری کەرکووک دانمان پێدانەناوە، بەڵام بابەکر سدیق ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەرواری ٢٠١٩/٤/١٧ ئیمزای لەسەر مانەوەی راکان سەعید کردووە وەکو پارێزگاری کەرکووک تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بەوەش نەوەستاوە بەناوی سەرۆکی فراکسیۆنی برایەتی ئیمزای کردووە کە ئەوەش بە تاوانی تەزویر هەژمار دەکرێت، چونکە محەمەد کەمال سەرۆکی لیستی برایەتی کەرکووکە نەک بابەکر سدیق".

شاخەوان عەبدوڵڵا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری لە یەکێتی دەکات و نووسیویەتی: "وام لێ مەکەن ئەو زانیارییانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پێش هەفتەیەک بۆی گێرامەوە لەبارەی باشماخ و سووریا و شتی دیکە بڵاوی بکەمەوە".