"رووسیا چاوی لەسەر وڵاتانی سۆڤیەتی پێشووە"

K24 - مۆسکۆ

کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو لە پەیوەندیدان لەگەڵ رووسیا و لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا، کاربەدەستانی مۆسکۆ بەردەوام وڵاتانی خۆراوا تۆمەتبار دەکەن کە دەست دەخەنە کاروباری دراوسێکانیەوە، بۆ خستنەوەی گرژی و ئاڵۆزی، لە دوای سەرھەڵدانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە پشێوییەکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پەرەیان سەند، پسپۆڕ و شارەزایان لە مۆسکۆ دەڵێن: رووسیا لەگەڵ سەرقاڵییەکانی بە جەنگی ئۆکرایناوە، بەردەوام چاوێکی لەسەر  رەوشی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشووە.

کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشوو، ھاوسێ و ھاوبەشێکی گرنگی رووسیان، هەرچەندە ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاش لە پەیوەندیدان، کرێمل وڵاتانی خۆرئاوا تۆمەتبار دەکات، کە دەست دەخەنە کارووباری دراوسێکانیەوە، لە دوای سەرھەڵدانی جەنگی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ، رووسیا سەرنجی چڕی خستووەتە سەر دەوروبەرەکەی.

لەوبارەوە داریا چیژۆڤا، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و شیکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو بە کوردستان24ی گوت: "مۆسکۆ و  وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بەرژەوەندی ھاوبەشیان لەوەدایە کە ناوچەكە ئاسایش و سەقامگیربێت، بۆ نموونە لە کێشەی قیرغیزستان و تاجیکستاندا، رووسیا  لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی وڵاتیشدا ئەو کەیسەی بەھەند وەرگرتووە، بەداخەوە یاریکەرەکانی دەرەوەی ھەرێمی ئاسیای ناوەڕاست ھەوڵی زۆر دەدەن بۆ زیندوکردنەوەی ناکۆکی لە نێوان  ئەو وڵاتانەدا، پیلان دەگێڕن بۆ زەقکردنەوەی پێگەی سیاسی ناوچەکان و باری ناھەمواری ئابوورییان و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، روداوەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ لە قازاغستان، سەرەتا لە ناڕەزایی ئابووری و قەیرانی بەنزینەوە دەستیان پێکرد و سەری کێشا بۆ نارەزایی سیاسی، بۆیە ھەر زوو بە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیری ناڕەزایەتییەکان دامرکێنرانەوە، رووسیا لە ھەر پشێوییەک لە ناوچەکەدا ئامادەیی ھاوکاری ھەیە بۆ پاڵپشتی و ھێشتنەوەی نەوای ئارام".

بەھۆی سەرقالی مۆسکۆ بە شەڕی ئۆکرایناوە و پشتگوێخستنی کێشەی قەرەباغ، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا نیگەرانی خۆی نەشاردووەتەوە، لە لایەکی تریشەوە سەرۆکی تاجیکستان راستەوخۆ رەخنەی لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا گرت، کە پێویستە وەک خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، پسپۆڕێکی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: جەنگی ئۆکرانیا ھیچ گۆڕانکارییەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاستدا دروست نەکردووە.

ئێڤگینی کۆژەکین، راگری کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی مگیمۆی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "دیارە پاش ھەرەسی یەکێتی سۆڤێت، مۆسکۆ بەرپرسی دابینکردنی سەقامگیری ناوچەکەی لە ئەستۆیە، ئێمە ئەو ناوچەیە بە ھەرێمی ژێر کاریگەری خۆمان نازانین، بەڵام ھاووڵاتیانی ئێمە و ئەوان لە پەیوەندی فرە لایەنەی توند و توڵدان، ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیانی ئەوان لە رووسیا کاردەکەن، پەیوەندی بازرگانی باشمان ھەیە، بۆیە ئاسایشی ئەو وڵاتانە بۆ ئێمە گرنگە، سەقامگیری لەوێ لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمەدایە".

گوتیشی: "جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان رووسیا وڵاتانی خۆراوادا، ئەوان زیاتر لەخەمی تێکدانی ئەو سەقامگیرییەدان کە ئێستا بەرقەرارە، دەخوازن بەناوی دیموکراسییەوە بێن و ئەم ناوچەیە بکەنە وێرانە و پڕی بکەن لە پشێوی، بەڵام دیموکراسی ئەم ھەرێمە دەبێت لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتانەوە دەستنیشان بکرێت و ھەڵببژێردرێت، نەوک لە دەرەوەی ئەو سنوورەوە بە سەریاندا بسەپێندرێت. دەبێت خەڵکی ئەو وڵاتانە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووس و ئەو فۆڕمەی دیموکراسی بدەن کە لەگەڵ تایبەتمەندی ھەرێم و ناوچەکەیاندا دەگونجێت و تەبا دێتەوە".