بە سەدان کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بە هەزارانیش دەستگیرکراون

ئەمساڵ بەلانی کەمەوە 52 هاووڵاتی کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە
ئەمساڵ بەلانی کەمەوە 52 هاووڵاتی کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە

K24 – هەولێر

بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ئەمساڵدا بە سەدان کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژراون و نزیک بە حەفت هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

هەنگاو، راپۆڕتی ساڵی 2022ـی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و باس لە کوژرانی 128 خۆپێشاندەری کورد لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ماوەی ئەمساڵدا بەلانی کەمەوە 52 هاووڵاتی کورد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە، 34 کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و 15 کەسی دیکە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان.

ئەمساڵ 46 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و 244 کەسی دیکەش برینداربوونە، 206 کۆڵبەر تەقەی راستەوخۆیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2022ـدا، لانی کەم 128 هاووڵاتی مەدەنی کورد بە تەقەی راستەوخۆ و هەروەها لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش برینداربوونە. لە کۆی ئەو 128 کەسە کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، 116 کەسیان لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە بوونە. 10 لە خۆپێشاندەر دەستبەسەرکراوەکانی ئەمدواییەی خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر ئەشکجەدا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها ئەمساڵ 37 هاووڵاتی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین، بوونەتە قوربانی و لەو ژمارەیە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی 2022 زایینی، بەلانی کەمەوە 19 بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەستداوە کە 12 کەسیان بەهۆی ئەشکەنجەدانیان بووە. هەروەها پێنج بەندکراو بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەستداوە و بەندکراوێکیش خۆی کوشتووە.

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە حەفت هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەتا ئێستا ناسنامەی دوو هەزار و 212 کەس لە دەستبەسەرکراوەکان بۆ هەنگاو روون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییە، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. لەو ژمارەیە 237 کەسیان ژن و 180 کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە. زۆربەی دەستبەسەرکراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە 865 حاڵەت بووە.

هەر لەو ساڵەدا بەلانی کەمەوە 155 چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، 149 هاووڵاتی سەرجەم سزای 333 ساڵ و 1 مانگ بەندکران، 66 ساڵ و 11 مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی 222 قامچییان بەسەردا سەپاوە و چوار سیاسی و دوو چالاکی بواری مافی پەلکەزێڕینەکان، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

ئەمساڵ بەلانی کەمەوە 55 کرێکار لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی رووداوی کار گیانیان لە دەستداوە.