پۆلیسی هەولێر: پلانی ئەمنی بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا

K24 – هەولێر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شەوی سەری ساڵ هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە هەولێر رووینەداوە و پلانی ئەمنی وەک خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بو کوردستان24ـی راگەیاند، "بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆر، توانرا ئەو پلانە ئەمنییەی بۆ سەری ساڵ داندرابوو، وەک خۆی و بە سەرکەوتوویی جێبەجێبکرێت و لە شەوی سەری ساڵدا هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە شاری هەولێر رووینەداوە".

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر، لە شەوی سەری ساڵدا، لە رێگەی بەشی کردە پزیشکیەکان و 10 تیمی پزیشکی لە سنووری شاری هەولیر لە ئامادەباشیدابوون بۆ هەر رووداوێک.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیەندراوێکدا، بڵاویکردەوە، "تیمەکان پێشوازیان لە نزیکەی30  حالەتی جۆراوجۆرکرد کە لە کاتی ئاهەنگی سەری ساڵدا بریندارببوون و پێویستیان بە چارەسەر هەبووە". برینی بریندارەکان سووک بوونە و بەسەرپێی چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.

بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، بە دەیان هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان لە شاری هەولێر کردووە.

به‌ گوێره‌ی ئاماری ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مساڵ شەش ملیۆن گه‌شتیار روویان له‌ هه‌ولێر كردووه. به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان، هه‌ولێر له‌ توانایدایە‌ شه‌وانه‌ 70 هه‌زار گه‌شتیار له‌ میوانخانه‌كاندا له‌ خۆ بگرێت.