سەرباری راگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن رووسیاوه‌ شەڕوپێکدادان بەردەوامە

جه‌نگی ئۆكرانیا/ وێنه‌: AFP
جه‌نگی ئۆكرانیا/ وێنه‌: AFP

K24 – هه‌ولێر:

سەرباری راگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن رووسیا، بەڵام شەڕوپێکدادان بەردەوامە، وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاشکرایکرد، سوپای رووسیا پابەندی ئاگربەست بووە، بەڵام چەندین جار ئۆکرانیا ناوچەی هاووڵاتییان و سوپای رووسیاشی بۆردوومانکردووە، ئۆکرانیاش سوپای رووسیای بە بۆردوومانکردنی خێرسۆن و دۆنێتسك تۆمەتبارکرد.

سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی تاکلایەنە لەلایەن کریملنەوە، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە.

کیرێلۆ تۆماشێنکۆ، جێگری سەرۆکی نوسینگەی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی رووسیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا بۆ سەر خێرسۆن و دۆنێتسك، 3 کەس کوژراون و 14 کەسی دیکەش بریندار بوونە.

لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا دەڵێت، پابەندی ئاگربەستەکەیان بوون و هێرشیاننەکردووە، تەنیا وەڵامی هێرشەکانی بەرامبەریان داوەتەوە.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا گوتی: "سەرجەم هێزەکانی سوپای رووسیا لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت پابەندی ئاگربەست بوونە، لە هەمان کاتدا رژێمی کیێڤ لە 24 کاتژمێری رابردوودا چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و سوپای رووسیای بۆردوومانکردووە، سوپای ئۆکرانیا 11 جار بە هاوەن ناوچەی کراسنۆ لیمیانسکی بۆردوومان کردووە، 51 جار بە تۆپ ئەڤدیێڤکا و مارییەنکە بۆردوومان کراون، هەروەها زیاتر لە 60 جار شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان لە دۆنێتسك بە تۆپ و سیستەمی موشەکی هایمارس بۆردوومان کراون."

هەروەها وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاشکرایکرد، جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و هیچ ئاگربەستێک لە ئارا نییە.

لە راگەیندراوەکەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیادا هاتووه‌: بەهۆی خۆ حەشاردانی سوپای هەردوولا لە دارستانەکان و کەشوهەوای نالەباری زستان، تۆپخانەکانی هەردوو سوپا ئامانجەکانیان بە سەختی دەتوانن بپێکن، هەروەها شەڕی هێزەکانی پیادەش زۆر کەمتر بووەتەوە.