به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی راپه‌ڕین: لە ساڵی 2022 زیاتر لە 87 کێشەی گومرگیمان هەبووە

جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین
جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی راپه‌ڕین رایگه‌یاند، بەهۆی پشووەکانی ئێران، نزیکەی سێ مانگ و دوو رۆژ لە ساڵی 2022 کاریان نەکردووە و له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 87 کێشەی گومرگییان هەبووە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (8ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی رابرودوو 67 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە کاڵا و کەلوپەلیان پێبووە، لە پشکنین دەرنەچوون و لە مەرزی (کێلێ)ـوە گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران. گوتیشی، نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ترانزێت هەبووە، کە لە مەرزی کێلێوە بە هەرێمی کوردستاندا تێپڕیوون و چوونەتە سووریا.

جەوهەر رەسوڵ ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2022 زیاتر لە 87 کێشەی گومرگییان هەبووە، کە بەشێکیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی راپەڕینەوە و هەندێکیان لەرێگەی دادگای لێکۆڵینەوە یەکلایی کراونەتەوە، هەروەها هەندێکیشیان رەوانەی دادگای گومرگی سلێمانییەوە یەکلایی کراون.

به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی راپه‌ڕین، لەو بەرهەمانەی ئەمساڵ لەرێگەی مەرزی کێلێوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، 7900 بارهەڵگر بەرهەمی کشتوکاڵییان پێبووە و 10800 بارهەڵگر بەرهەمی بیناسازییان هەڵگرتووە و 2300 بارهەڵگریش خواردن بووە، 7000 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش کەلوپەل و بەرهەمی جۆراوجۆریان پێبووە.