تۆڕێكی کۆمەڵایەتی لە عێراق لەکارکەوت
K24 - هەولێر:
تۆڕێکی کۆمەڵایەتی چینی هاوشێوەی تیک تۆک لە عێراق لەکارکەوت و هۆشداریشیدا بە بەکارهێنەرانی تا پارە و باڵانسی نێو هەژمارەکانیان لەنێو "ئاپ"ـەکەی دەربکەن.
Kwai کوای، پلاتفۆڕم و ئاپێکی چیینە، کە لەرێگەی ئاگادارییەکەوە هۆشداری دا بە بەکارهێنەرانی لە عێراق، کە پارەی نێو هەژمارەکانیان دەربکەن و هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی نێو هەژمارەکەیان بەلاوە گرنگە، لەنێو مۆبایلەکەیان هەڵیبگرن و پشت بە هەژمارەکانیان نەبەستن، چونکە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە تۆڕەکە لە عێراق لەکاردەکەوێت.
ئاماژەی بەوەشدا، خزمەتگوزاری دەرکردنی پارە و باڵانسی نێو هەژمارەکان تا 28ـی شوبات بەردەست دەبێت و لەو رێکەوتە بەدواوە، بەرپرسیارێتی ونبوون و دیارنەمانی هیچ بڕە پارەیەک هەڵناگرن.
کوای هاوشێوەی تیک تۆک لەسەر ڤیدیۆی کورت کار دەکات و زۆرینەی بەکارهێنەرانی لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانەوە دەچنە نێو پلاتفۆڕمەکە.
کۆمپانیای Kuaishou Tech خاوەندارێتی پلاتفۆڕمەکە دەکات کە نووسینگەی سەرەکی لە ناوچەی هایدینە لە پەکین.