محەممەد قه‌رقاوی بۆ كوردستان24: ئیمارات پەیوەندییەکی بەردەوامی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

محەممەد قه‌رقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات
محەممەد قه‌رقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری كاروباری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئیمارات دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24 ـی رایگەیاند، ئیمارات پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (18ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، محەممەد قه‌رقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دیدگای هاوبەشی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات کردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، وه‌زیری كاروباری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ئیمارات له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ داڤۆس گوتی، "پەیوەندییەکی بەردەوامی زۆر باشمان هەیە، کۆبوونەوەکانمان ساڵانەن و ئاڵوگۆڕی شارەزاییمان لەبارەی تواناکان هەیە. هەروەها ئاڵوگۆڕی ئابووری و دیدی ئایندەمان هەیە. ئەمرۆ باسمان لەو پەیوەندییانە کرد. کۆتا کۆبوونەوەمان لە دەوڵەتی ئیمارات لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو ئەنجامدا، هەروەها باسمان لە سەردانی سەرۆکی ئیمارات بۆ لوتکەی جیهانی حکومەتەکان کرد کە مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت".