پارتی: لە بەشی خۆشمان داوە بە لایەنەکانی دیکە

چاودێرێکی هەڵبژاردن: ناکرێت بۆ رازیکردن پۆست بە هیچ لایەنێک بدرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان تا ئێستا نەیانتوانیوە ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆتایی بە كێشەكانیان بێنن، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە وەڵامی ئەو لایەنانەی رەخنە لە ھاوسەنگی ھێز دەگرن دەڵێت: پارتی لە ھەڵبژاردن زۆرینەی ھێناوە و لە مافەكانی خۆیشی داوەتە لایەنەكانی دیكە.

ئامانجی هەر حزبێک لە هەڵبژاردن، بۆ ئەوەیە لە پەرلەمان و حکومەت ببێتە زۆرینە، ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە پەرلەمان کردووەتە زۆرینە و بەمەش لە حکومەت بووەتە خاوەنی زۆرترین پۆست.

هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێویستە پۆستەکان بەپێی شایستەی هەڵبژاردن دابەش بکرێن، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان وەکو لایەنی سەرەکی و بەرپرس، لە بەشی خۆشمان بە لایەنەکانی دیکە داوە".

بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، هێزی سیاسیی واهەیە، کە زۆرجار پێگەی مێژوویی و جوگرافی و سەربازی خۆی دەکاتە پێوەر بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت و چنینەوەی پۆستەکان، ئەمەش بە بڕوای چاودێرانی هەڵبژاردن، تەواو پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراتی و هەڵبژاردنە.

هوشیار سەلام، چاودێری هەڵبژاردن دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان هەموو لایەکان دەیانەوێت لە دەسەڵاتدابن، ئەمەش ئەزموونێکی سەرکەوتوو نییە، زۆرجار هەر بۆ موجامەلەکردنی ‌‌حزبێک پۆستی پێدەدرێت، یان ئەوە لەبەرچاوە دەگیرێت کە هێزی چەکداری هەیە، دەبێ هەندێک پۆستی پێبدرێت و رزای بکرێت، ئەم ئەزموونە تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە".

لە دوایین ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی 45 کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی 21 کورسی، و بزووتنەوەی گۆڕان 12 و نەوەی نوێ 8 کورسی و  کۆمەڵی دادگەری 7 و یەکگرتووی ئیسلامی 5 کورسیان بەدەستهێنا. لەم حزبانە، پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، بوونە هێزی سەرەکی پێکهێنەری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.