کەشناسی: لە هەندێک ناوچە باران بە لێزمە دەبارێت

پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت

K24 – هەولێر

بەشی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێر راگەیاند و پیشبینی دەکات لە هەندێک ناوچە باران بە لێزمە ببارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.

کەشناسی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، لە دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی هەڵەبجە و گەرمیان و باشووری هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی سلێمانی باران بە لێزمە دەبارێت لەگەڵ درووسبونی هەورە تریشقە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا، ئاستی باران مامناوەندە لە تەواوی ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان. لە کاتەکانی شەودا هاتنی بارستە هەوایەکی ساردتر کار لە کەشی ناوچەکەمان دەکات پلەکانی گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەکات، بەفربارین ناوچەی شاخاوی و نیمچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە.