سام بڕاونباك: ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ پێكهاته ئایینییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه

K24 – هه‌ولێر:
به به‌شداری شاندێكی هه‌رێمی كوردستان لووتكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئازادی ئایینه‌كان له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی لووتكه‌كه بۆ كوردستان24 باس له پێكه‌وه‌ژیان و ئازادی ئایینی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (31ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، سام بڕاونباك، یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی لووتكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئازادی ئایینه‌كان بۆ كوردستان24، ئاماژه‌ی به ئازادی ئایینی و پێكه‌وه‌ژیانی له هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، ئاسایش و ژیانێكی ئاشتیانه بۆ هه‌موو پێكهاته ئایینییه‌كان دابینكراوه.
سام بڕاونباك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له هه‌رێمی كوردستان دابینكراوه بۆ پێكهاته ئایینییه‌كان به ئاسانی به‌ده‌ست نه‌هاتووه له كاتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له ناوچه‌كه‌دا هێشتا بوونی ماوه و له رابردووش‌دا هه‌ڕه‌شه بوون له‌سه‌ر ژیان و پێكه‌وه‌ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
ئه‌و دامه‌زرێنه‌ره‌ی لووتكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئازادی ئایینه‌كان باسی له سه‌ردانێكی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و سه‌رسامی خۆی به پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و گوتی، "له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كان نییه، به‌ڵكو ده‌توانن پێكه‌وه به‌ره‌وپێشیش بچن و به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه گوزارشت له بیر‌و باوه‌ڕی خۆیان بكه‌ن".
بڕاونباك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كاتێك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر ناوچه‌كه ده‌بێت، هه‌موو پێكهاته‌كان پێكه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش رۆڵێكی گرنگ و گه‌وره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سام بڕاونباك تیشكی خسته‌سه‌ر هاتنی كریستیان و ئێزدییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند، ئاگادارین كه ئه‌و پێكهاتانه رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه و بۆ ژیانێكی ئارام و ئاشتیانه كه پارێزگراوبن له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر، له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.