سه‌رۆك بارزانی: گەلی کوردستان شانازی بە فەرھەنگی پێکەوەژیان دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی سریانیی کاتۆلیکی لە جیھان دەکات
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی سریانیی کاتۆلیکی لە جیھان دەکات

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای کەنیسەی سریانیی کاتۆلیکی لە جیھان كرد و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌ی باره‌گای بارزانی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا " بە توندی ئیدانەی کردەوەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە لایەن کەسێکی سویدیەوە کرد".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، باره‌گای بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارک مارئیگناتیوس یوسفی سێیەم پاتریارکی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی ئەنتاکیە لە جیھان و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکھاتبوو لە ژمارەیەک لە مەترانە بەڕێزەکانی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

باره‌گای بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لە بەشێکی ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان شانازی بە فەرھەنگی پێکەوەژیان دەکات و ئەو فەرھەنگەی بە سەرمایەیەکی گەورە بۆ گەلی کوردستان لە قەڵەم دا.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بە توندی ئیدانەی کردەوەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە لایەن کەسێکی سویدیەوە کرا و بە کردەوەیەکی ناعەقلانی و تاکەکەسی وسفکرا و ئەوەش دووپاتکرایەوە کە پێویستە رێز لە پیرۆزی و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی بگیرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لەو دیدارەدا پاتریارکی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی ئەنتاکیە لە جیھان سوپاسی ھەوڵ و ماندوبوونەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و ھاووڵاتیبوون و ئاشتی نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و، داواشی کرد ئەو بنەما و پڕەنسیپانە قووڵتر بکرێن.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: بەشداربوانی کۆبوونەوەکە ھاوخەمی قووڵی خۆیشیان بۆ کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی ئەو بوومەلەرزەیە ڕاگەیاند کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە تورکیا و سوریا و چەند وڵاتی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوویداوە.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانی:

ڕۆژی دووشەممە 6ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارک مارئیگناتیوس یوسفی سێیەم پاتریارکی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی ئەنتاکیە لە جیھان و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکھاتبوو لە ژمارەیەک لە مەترانە بەڕێزەکانی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لەو دیدارەدا پاتریارکی کەنیسەی سریانی کاتۆلیکی ئەنتاکیە لە جیھان سوپاسی ھەوڵ و ماندوبوونەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و ھاووڵاتیبوون و ئاشتی نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و، داواشی کرد ئەو بنەما و پڕەنسیپانە قووڵتر بکرێن.

لە بەشێکی ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان شانازی بە فەرھەنگی پێکەوەژیان دەکات و ئەو فەرھەنگەی بە سەرمایەیەکی گەورە بۆ گەلی کوردستان لە قەڵەم دا.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بە توندی ئیدانەی کردەوەی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە لایەن کەسێکی سویدیەوە کرا و بە کردەوەیەکی ناعەقلانی و تاکەکەسی وسفکرا و ئەوەش دووپاتکرایەوە کە پێویستە ڕێز لە پیرۆزی و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی بگیرێت.

بەشداربوانی کۆبوونەوەکە ھاوخەمی قووڵی خۆیشیان بۆ کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی ئەو بوومەلەرزەیە ڕاگەیاند کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە تورکیا و سوریا و چەند وڵاتی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوویداوە.