ئه‌مه‌ریكا.. له رووداوێكی ته‌قه‌كردندا شه‌شه كه‌س كوژران و بایدنیش داوایه‌ك ئاراسته‌ی كۆنگرێس ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
له سێ شوێنی جیاوازی شاری ئه‌ركاپۆتلای ویلایه‌تی مسیسیپی ئه‌مه‌ریكا، شه‌ش كه‌س كوژران و پۆلیس ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی ده‌ستگیركرد. بایدنیش ده‌ڵێت، "پێویسته كۆنگرێس هه‌نگاو بنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌باره‌ی زۆربوونی دیارده‌ی ته‌قه‌كردن".
پۆلیسی شـاری ئه‌ركاپۆتلا له راگه‌یه‌ندراوێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، زنجیره‌یه‌ك رووداوی ته‌قه‌كردن له سێ شوێنی جیاوازی شاری ئه‌ركاپۆتلای سه‌ر به ویلایه‌تی مسیسیپی روویاندا و به‌هۆیه‌وه شه‌ش هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا.
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه قسه‌ی كرد و گوتی، "له ماوه‌ی 48 رۆژدا له ساڵی 2023، مییلـلـه‌ته‌كه‌مان لانیكه‌م 73 رووداوی ته‌قه‌كردنی به‌خۆیه‌وه بینیوه."
بایدن گوتیشی، بیرۆكه و نزاكردن به‌س نین، توند و تیژی به ده‌مانچه په‌تایه‌كه و ده‌بێت كۆنگرێس ئێستا هه‌نگاو بنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌باره‌ی زۆربوونی دیارده‌ی ته‌قه‌كردن و كوشتن.
له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ته‌قه‌كردنیشه‌وه، پۆلیسی شاری ئه‌ركاپۆتلا به تۆڕی هه‌واڵی (سی ئێن ئێن)ـی ئه‌مه‌ریكی راگه‌یاندووه، تۆمه‌تباره‌كه ته‌قه‌ی له پاركی ئۆتۆمبێلی فرۆشگایه‌ك له شاری ئه‌ركاپۆتلا كردووه، كه دانیشتوانه‌كه‌ی ته‌نها 300 كه‌سن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، دواتر ته‌قه‌كه‌ره‌كه به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی چووه‌ته ماڵێكی نزیك شوێنه‌كه هاوسه‌ری پێشووتری خۆی كوشتووه.
دواتر پۆلیس دوو ته‌رمی دیكه‌یان له‌ماڵێكدا دۆزییوه‌ته‌وه، پێیان وایه ئه‌و دوو ته‌رمه له بنه‌ماڵه‌ی تۆمه‌تباره‌كه‌ن.
بریكارێكی پۆلیس رایگه‌یاند، سه‌رنجی ئۆتۆمبێلێكان داوه وه‌كو هاوشێوه‌ی ئۆتۆمبێلی تۆمه‌تباره‌كه بووه و به‌دوای كه‌وتوون تاوه‌كو له‌ماڵێكدا ده‌ستگیریان كردووه.
پۆلیس ناوی تۆمه‌تباره‌كه‌ی به "ریچارد ده‌یل گرامی " ته‌مه‌ن 52 ساڵ ناوبردووه و به‌تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست تۆمه‌تبار كراوه.
تایت ریڤیز، پارێزگاری ویلایه‌تی مسیسیپی له‌تویته‌ری خۆی رایگه‌یاند، "پێمان وایه ئه‌و تۆمه‌تباره به ته‌نها ئه‌م كاره‌ی كردووه." ده‌شڵێت، پاڵنه‌ره‌كان نادیارن، نزاش بۆ كوژراوان ده‌كه‌ین.
سه‌ره‌ڕای پێشكه‌وتنی كه‌م له‌یاسای كۆنتڕۆڵ كردنی ده‌مانچه، بایدن داوا له‌كۆنگرێس ده‌كات، یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌ك له‌سه‌رانسه‌ری وڵات و بگه‌رێنێته‌وه هه‌ر وه‌ك له 1994 تاوه‌كو 2004 هه‌بوو.