داوایەك بۆ رۆژنامەی صباح و هاوئاوازەكانی!

Kurd24

رۆژنامەی (الصباح) پشتی بە راپرسیەك بەستووە كە لەلایەن سایتێكی كوردییەوە بڵاوكراوەتەوە (51%)ی راپرسیەكە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانن! خۆی ئەم راپرسیە هەر لە بنەڕەتەوە جێگای گومانە و مصداقیەتی لەلایەن زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە نیە و ئینجا بگرە دانیشتوانی شارەكانی تری عیراقیش، چونكە هەموومان دەزانین عیراق بە چ دۆزەخێك ژیانی تێپەردەكات كە تائێستا هیچ سیادەیەكی لەدەست خۆی نەماوە نە زەوی و نە ئاو و نە ئاسمان بگرە كۆلەگە گرنگەكانی بەرێوەبردنی وڵاتەكەش لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە ئیدارە دەدرێ، بەجۆرێك ئابووریی و سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتیەكەی بۆتە كارتی ململانێی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ئەو شوێنەی كە بۆتە چەتری كۆبوونەوەی لایەنەكان و بریاری خۆماڵی لێ دەربچێت هەولێرە پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

خۆزگە راپرسیەك لەنێو شەقامی باشوور و ناوەڕاستی عیراق بكرایە ئایا لەگەڵ پێكهێنانی هەرێمن یان مانەوە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی بەدڵنیاییەوە وەلامی شۆكهێنەرییان بەدەست دەگەیشت نەك پارێزگا و شارەكان بەڵكو قەزا و ناحیەكانیش داوای هەرێمی سەربەخۆییان دەكرد، لەبەرئەوەی رێژەی هەژاری لە پارێزگاكانی باشوور لە بەرزترین ئاست دایە بۆ نموونە پارێزگاى (موسەننا) بەپلەى یەکەم دێت بەرێژەى (٥٢%) و پارێزگاى دیوانیە بەرێژەى (٤٨%) و پارێزگاى (میسان) بەرێژەى (٤٥%) و پارێزگاى (زى قار) بەرێژەى (٤٤%) لە کۆى دانیشتوان پارێزگاکەن ، لەرووى ئابووریشیەوە ئەم چوار پارێزگایە دەولەمەندن بە سامانى سروشتى لەسەرووى هەموویانەوە چەندین کێلگەى نەوتیان هەیە ، با رۆژنامەی صباح و هاوئاوازەكانی راپرسیەك لەگەل دانیشتوانی ئەم پارێزگایانە بكات ، ئەمە وێرای بەدەیان كێشەی نەبوونی هەلی كار و خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و ژێرخان و تەندروستیەوە دەنالێنن.

  خۆزگە راپرسیەكە لەسەر دەست تێوەردانی ئێران بایە لەم وڵاتە و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر عێراقی هێناوە، یاخود راپرسی لەسەر داگیركردنی كێڵگە نەوتییەكانی سنووری عێراقی و ئێرانی دەكرا كەلەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، خۆزگە راپرسی یەك دەربارەی بەقاچاخ بردنی دۆلار لە عیراقەوە بۆ ئێران دەكرا.

  خۆزگە راپرسیەك دەربارەی تەمەنی حكومەتەكەی سوودانی و سیستەمی حكومرانی شیعە دەكرا كە لەلایەن ئەمەریكیەكانەوە مۆڵەتیان بۆ دانراوە ئەگەر سیستەمی ئابووری و بانكی و سیاسی یان چارەسەر نەكەن چارەنووسیان لە سەدام باشترنابێ، ئەسڵەن ئەوە شیاوی راپرسی كردنە، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ژیانی زیاتر لە (30) ملیۆن كەسی عێراقی.

سەدان كێشە و گرفتی گەورەتر و مەترسی تر لەسەر دەوڵەتی عێراقە شیاوی راپرسی و هەڵوەستە لەسەر كردنە، نەك بێی راپرسی لەسەر هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم بكەی ، ئەو هەرێمەی تەمەنی لە عێراقی نوێ درێژترە، چونكە لە ساڵی 1991 دروستبووە و عێراقی نوێ ساڵی 2003 دروستبووە و خاڵی یەكەمی رووخانی سەدام و بنیادنانی عێراقی پاش سەدام لە هەولێر و هەرێم نەخشەی بۆ كێشرا، لە ساڵی 2005 هەرێمی كوردستان بووە هۆی سەرخستنی راپرسی لەسەر دەستووری عێراقی، ئەمە وێرای ئەوەی شوێنی حەوانەوەی گەورە بەرپرسانی عێراقی و عەرەبی و بیانی لەناوچەكە بوو و تاكە شوێنە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست تا ئێستا بە سەقامگیری ماوەتەوە و سەرنجی وڵاتانی جیهانی بۆخۆی راكێشاوە سەرەڕای كەم و كوری و نەهامەتیەكان.

 هەر هەرێم بوو گرێكوێرەی پێكهێنانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراقی دەكردەوە، لە ساڵی 2014 كاتێ داعش هێرشی كرد سوپای دوو وڵاتی تێكشكاند ئەوا پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم هەرێمە بوون بە جیهانیان گووت بەڵی ئێمە دەتوانین ئەو هێزە رابگرین و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند و بوونە سەرچاوەی ئیلهامی سەركەوتن بۆ هێزەكانی بەغدا و دیمەشق.

  لە 25/9/2017 گەورەترین راپرسی لەم هەرێمە و عیراق و ناوچەكە كرا گەلێك 100 سالە زوڵمی لێ دەكرێ ئینجا دانیشتوانەكەی بەرێژەی 93% گۆتیان بەڵی بۆ سەربەخۆیی ، ئەم بریارەش لە پاش ساڵی 2003 بە یەكەمین بڕیاری خۆماڵی دادەنرێت و بێ ئەوەی دەستی یەك وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی تێدابێت خەڵكی بریاریان لەچارەنووسی خۆیان دا.

لە كۆتاییدا دەكرا راپرسیەكە بۆ پارێزگاكانی عێراق بەم شێوەیە بوایە ئایا دەتەوێت لەگەڵ حكومەتی مەركەزی بێت یاخود هەرێمێكی سەربەخۆتان گەرەكە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ، ئەوسا ئەنجامی سەرسورهێنەر و شۆكهێنەر دەگەیشتە دەست دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوچەکە.