وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: شەقام و دوكانەكانی دەوروبەری قەڵای هه‌ولێر رێكدەخرێنەوە

K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شوگوزار رایده‌گه‌یه‌نێت، شەقام و دوكانەكانی دەوروبەری قەڵای هه‌ولێر رێكدەخرێنەوە لەم رێكخستنەوەیەدا، هەندێك لە شەقامەكان دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 22ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، بۆ چارەسەری جەنجاڵیی شەقامەكان و برەودان بە جوانیی سیمای شارستانی قەڵای هەولێر وەك یەكێك لە دێرینترین شارەكانی دونیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكه شەقام و بازاڕەكانی دەوروبەری قەڵا رێكدەخاتەوە، بۆ ئه‌مه هه‌ریه‌ك له ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. سەرباز نەجیب، راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، راپۆرتی "كرداری پەرەپێدانی چەقی شار" خوێندرایەوە، كە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادەكرابوو.
پاشان راپۆرتی "پلانی رێكخستنەوەی هاتووچۆی دەوروبەری قەڵا" خوێندرایەوە، كە لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێرەوە ئامادەكرابوو.
دواتر گفتوگۆی چڕ لەسەر هەردوو راپۆرت كرا و هەموو تێبینییەكان خرانە سەر ڕاپۆرتەكان.
لەم رێكخستنەوەیەدا، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا، دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، هەروەها دوكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی دیكه رێكدەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدات و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت و ڕەچاوی باری تەندروستیی هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەكان دەكرێت.(هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداوه).
