وتەبێژی پارتی: هیچ وادەیەک دیارنییە بۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، دەشڵێت: هیچ وادەیەک دیارنییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و یەکێتی.

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری باسیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

گوتیشی: "جەختمان لەوە کردەوە کە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردن و پشکی پێکهاتەکان، وتەبێژی پارتی دەڵێت: "ئێمە بڕیارمان داوەتە دەست خۆیان، پێکهاتەکان  بڕیار بە دەست خۆیان بێت کە چۆن پێیان باش بێت وا بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر بابەتی هەڵبژاردن بەپێی گفتوگۆی کۆبوونەوەی پێشتریان لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بۆچوونیان لە یەکتر نزیکە، دەشڵێت: "ئەگەر گرفتی دیکە نەهێنرێتە پێشەوە لەو بڕوایەدام نزیکین لە یەکتر، بۆ ئەوەی پڕۆژەیەک ئامادە بکرێت و بدرێت بە پەرلەمانی کوردستان و بڕیاری لەسەر بدرێت".

مەحموود محەممەد، راشیگەیاند: "هەموو ئەو لایەنانەی گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە لەگەڵ ئەوەدان ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت".

سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی، وتەبێژی پارتی، گوتی: "تائێستا هیچ وادەیەک دیار نەکراوە بۆ کۆبوونەوە، پێشتر ئێمە وادەیەکمان دیارکردبوو یەکێتی هەڵیوەشاندەوە".

شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی پێکهاتەکان دەکات و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.