تاڵیبان داوا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات باڵیۆزخانەکانیان لە ئەفغانستان بکەنەوە

چه‌كدارێكی تاڵیبان
چه‌كدارێكی تاڵیبان

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئیدارەی تاڵیبان بەوه‌کالەت، داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کرد سەرلەنوێ باڵیۆزخانەکانیان لە ئەفغانستان بکەنەوە.

ئەمیر موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی تاڵیبان بەوه‌کالەت لە ویلایەتی قەندەهاری باشووری ئەفغانستان، لەگەڵ تۆماس نیکلاسۆن، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەفغانستان و شاندی یاوەری کۆبووەوە.

حافز زیا ئەحمەد، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەی تاڵیبان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.

حافز زیا ئەحمەد باسی لەوە کرد، موتەقی بەپێویستی زانیوە هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی پەرەبدرێت بە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی ئەفغانستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و هانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بدرێت تاوەکو سەرلەنوێ باڵیۆزخانەکانیان لە کابول بکەنەوە.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەی تاڵیبان ئاماژەی بەوە کرد، موتەقی سوپاسی یەکێتیی ئەوروپای کردووە بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی پێشکەشی ئەفغانستانی کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییەی بەرپرسەکەی تاڵیبان بڵاوی کردووەتەوە، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەفغانستان، تۆماس نیکلاسۆن باسی لەوە کردووە کە لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ئاسایش لە ئەفغانستاندا بەرقەرار بووە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەنگاوی باشی ناوە.

هاوکات نیکلاسۆن باسی لەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لەسەر پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ ئەفغانستان.

دوای ئەوەی لە 15ی ئابی 2021دا تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا باڵیۆزخانەکانیان لەو وڵاتە داخست.