بارسێلۆنا بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی 3 یاریزانی له‌ده‌ست دا

چاڤی: ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ یاریگه‌ی ریال مه‌درید ده‌یكه‌ین ئه‌گه‌ر یانه‌یه‌كی دیكه‌ بیكات ده‌یكاته‌ ئاهه‌نگ و پشووی نیشتیمانی
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوه‌كانی یانەکەی بۆ یاریی بەرامبەر ڤالێنسیا بڵاوکردەوە و سێ یاریزانی یانەکە بانگهێشت نەکراون.

هەژمارەی فەرمی یانەی بارسێلۆنا لیستی ناوی ئەو یاریزانانەی بڵاوکردەوە، كه‌ بڕیاره‌ سبەی یه‌كشه‌ممه‌ بارسێلۆنا و ڤالێنسیا لە گەڕی 24 لالیگا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، عوسمان دێمبلی و پێدری بانگهێشت نەکراون، لەلایەکی دیکەوە کریستێنسنی بەرگریکاری دانیمارکی لە پێکانەکەی رزگاری بووە و بانگهێشتی یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا کراوە.

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ پرێس كۆنفرانسێك رایگه‌یاند بارسێلۆنا سەختترین یانەیە لە جیهاندا، ده‌شڵێت: لە بێرنابیۆ بارسا بە ئەنجامی 1-0 سەردەکەوێت و هەندێکیش بڕوایان بەمجۆرە بردنەوانە نییە، ئەگەر تیپێکی دیکە بتوانێت لە یاریگای ریال مه‌درید براوە بێت، له‌ خۆشیان ده‌یكه‌نه‌ پشووی نیشتمانی، به‌ڵام لە بارسێلۆنا هەمیشە دەبێت سەرکەوتن بەدەست بهێنیت و خۆت بڕوات بەخۆت هەبێت و بەردەوام لە یارییەکان سەدا 70 رێژەی کۆنترۆڵی تۆپت لابێت.

چاڤی گوتیشی: سیستەمی بەرگری ئێمە لە رۆبێرت لێڤاندۆڤسکیەوە دەست پێدەکات، هەمووان پێکەوە هێرش دەکەن و پێکەوەش بەرگری دەکەن، زۆرجاریش لەلایەن تێر شتیگنی گۆڵپارێزەوە دەستمان بە هێرشبردن کردووە و گۆڵمان تۆمار کردووە ''.

چاڤی له‌ باره‌ی ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ڤالێنسیا گوتی: یارییه‌كه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر قورسه‌، به‌ڵام ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ جیاوازی خاڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید بۆ 10 خاڵ زیاد بكه‌ین.

یانه‌ی بارسێلۆنا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 59 خاڵ لوتكه‌ی لالیگای گرتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ڤالێنسیا ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ئاستێكی خراپ تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌ ناوچه‌ی سووری دابه‌زینه‌ و به‌ 23 خال له‌ پله‌ی هه‌ژده‌یه‌می ریزبه‌ندی دێت.