یادی راپەڕینی رزگاری و ئازادییە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دوای دەیان ساڵ خەبات و بەرخودانی گەلی كوردستان، لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواكانی و رزگاركردنی خاكەكەی لەژێر چنگی داگیركەران، رەتكردنەوەی زوڵم ستەم و ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی گۆڕینی ناسنامە و جوگرافیای كوردستان، خەڵكی كوردستان لە 5ی ئاداری 1991 یەكەمین كڵپەی راپەڕینی لە شاری رانییەوە دەستپێكرد.

مانگی ئادار بۆ کورد پڕە لە رووداوی جۆراوجۆر، بەڵام رۆژی 5ی ئادار تاوەكو رۆژی نەورۆز واتە 21ی ئادار، بۆ دانیشتووانی باشووری كوردستان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، چونکە لەو رۆژانەدا لە ساڵی 1991 خەڵک دژی رژێمێک راپەڕین کە ماوەی چەندین ساڵ دەسەڵاتێکی تووند و نامرۆڤانەی بەرامبەریان بەکارھێنا.

بەر لە راپەڕین هاوپەیمانییەتی لایەنەكانی باشووری كوردستان لە بەرەی كوردستانی وایکرد گڕوتینێك بە خەڵك بدات و لە ماوەیەكی كورتدا تواندرا زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باشووری كوردستان ئازاد بکرێن.

لە 5ی ئازاری ساڵی  1991 ، یەکەم نەخشەی راپەڕین جێبەجێکرا و هەمان رۆژ خەڵك و جەماوەر بە پشتیوانی پێشمەرگەی كوردستان شاری رانیە و دەوروبەریان رزگار كرد و تەواوی داموودەزگا و سەربازگەكانی رژێمی بەعسییان دەست بەسەرداگرت، لەوێوە هەڵمەتی جەماوەر و پێشمەرگە شار و شارۆچكە و ناوچەكانی دیكەی كوردستانی گرتەوە.

راپەڕین بەرهەمی هاریکاری و ھەماھەنگی حزبەکانی نێو بەرەی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوو، وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شۆڕشی تێكۆشانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە بەرھەمەكەی دروستبوونی قەوارەی ھەرێمی كوردستان. راپەڕین لە رانیە دەستیپێکرد و لە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک لە رۆژی 21ی ئازاری 1991 کە دەکاتە رۆژی نەورۆز کۆتایی پێهات و هەموو باشووری کوردستان لەژێر دەستی حزبی بەعس دەرهێنرا.

سەرۆك مەسعود بارزانییش كە لە ساڵی 1988دا پێشبینی گۆڕانكاری گەورەی كردبوو، لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی سیاسی بەرەی كوردستانی، هاوشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی كوردستان بەشداری رزگاركردنی سەرجەم شار و شارۆچكە و ناوچەكانی كوردستانی كرد، لە داستانی شەڕی كۆڕێشدا سەرپەرشتی میحوەری شەڕەكەی كە لە ئەنجامدا رژێم ناچاربوو داوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرەی كوردستانی بكات.