سوودانی: دیدارەکانمان لە هەولێر بەرهەمدار بوون

K24 - هەولێر:

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکیدا لە حەوتەمین دیداری سلێمانی رایگەیاند، دیدارەکانمان لە هەولێر بەرهەمدار بوون، گوتیشی "چاوم بە سەرکردەی حزبەکان و نوێنەری پێکهاتەکان کەوت و راشکاوانە گفتوگۆمان کرد".

دوێنێ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەری لایەن و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان چوار دیداری ئەنجامدا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی گوتارەکەی ئەمڕۆیدا باسی لەوەکرد، کە بەڵێنیان داوە خزمەت بە گەلی عێراق بکەن و ئابووریەکی بەهێز بونیاتبنێن.

سوودانی ئاماژەی بەوەدا، کە پلانی پرۆژەی ستراتیجیان هەیە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەن لەلایەن پەرلەمانەوە، گوتیشی "بودجە کلیلێکی کردنەوەی دەرگاکانە بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەوەی، ئێستا پێشەنگی کارەکانیان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی و پێشەکەشکردنی خزمەتگوزارییە.

سەبارەت بە کیمابارکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، سوودانی گوتی: یادە ئازاربەخشەکەی ئەو تاوانە قێزەونەی کە رژێمی دیکتاتۆر بەرامبەر بە گەلی کورد لە شاری هەڵەبجە ئەنجامی دا بۆنەیەکی خەمناکە و دوو رۆژ لەمەوبەر لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگمان دا لەسەر پرۆژەکە بۆ ئەوەی بیکەینە پارێزگا کە ئەمەش کەمترین شتە لە بەرامبەر ئەو قوربانییە مەزنەدا.

سوودانی لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، کە ئەو پێیوایە بەهێزی هەرێمی کوردستان بەهێزی عێراقە، چونکە عێراق پێکەوە بەهێزە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، حکومەتەکەی گرنگییەکی تایبەتی بە هێزەکانی پاسەوانی سنوور داوە، لە هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان و رێگەگرتن لە داگیرکردن و نەهێشتنی هەر هێزێک کە دەیانەوێت ناسەقامگیری بهێننە ئاراوە، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لەهەر شوێنێکی دیکەی عێراقدا بێت.