وەزیری دەرەوەی عێراق: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەهێز بکەین

K24 - هەولێر:
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و یەکێتی ئەوروپا بەهێز بکەن و لەبارەی سەردانەکەشی بۆ بەلجیکا، رایگەیاند، سەردانەکەی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپادا بووە.
رۆژی دووشەممە 20ی ئاداری 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی سەردانەکەی بۆ برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، بە کوردستان24ی راگەیاند، سەردانەکەی بۆ برۆکسل لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی 'هاوپەیمانی و هاریکاری' ـیە کە لە نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا واژوو کراوە و دەڵێت، رێککەوتنەکە لەسەر چەند خانەیەک دابەشکراوە، گرنگترینیان 'خانەی ئابوورییە'، کە خۆی لە دۆسیەکانی نەوت، گاز و بەهای دینار دەبینێتەوە.
فوئاد حوسێن گوتیشی، هێزەکانی ناتۆ بۆ راوێژی سەربازی و راهێنانکردن بە هێزە ئەمنییەکان لە عێراقن و تەنیا لە بەغدا بوونیان هەیە و هاوکاری وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەن.
وەزیری دەرەوەی عێراق کابینەی ئێستای سوودانی بە "حکومەتێکی تازە" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئێستای حکومەتی عێراق، هەمان سیاسەتی کابینەی پێشووە، "کە بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان".