لە یەمەن پلیتی فڕۆکە دەستناکەوێت

kurdistan24.net

K24 - تەعز، یەمەن

ئەو یەمەنیانەی گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن، دووچاری چەندین کۆسپ و خراپی خزمەتگوزاری دەبنەوە، لەوێ رێکارەکانی گەشتکردن و دەستکەوتنی پلیتی فڕۆکە زەحمەتی زۆریان تێدایە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی وڵاتەکە یەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی لێیە، کە حکومەت بەڕێوەی دەبات و تەنیا پێنج فڕۆکەی نەفەرهەڵگریشی هەیە، ئەمە بێجگە لە چەندین کۆسپ و تەگەرەی دیکەش.

ماهیر عوسمان، هاووڵاتییەکی یەمەنە، ئەو نائومێدانە لە نووسینگەیەکی گەشتیاری دەهاتە دەرەوە، چونکە پلیتێکی گەشتکردنی دەست نەکەوتووە، کە بۆ چارەسەر پێویستێتی، تا گەشتی هیندستان بکات، ماهیر بەر لە شەش مانگ گەشتی بۆ میسر کردبوو، لەوێ سەردانی پزیشکی کردبوو، بەڵام رەوشی تەندروستی باش نەبووە و پێویستی بە چارەسەری نوێ هەیە لە دەرەوە، ماهیر لەو بڕوایەدایە، بەمزووانە ناتوانێت گەشت بکات و رەنگە هەر نەتوانێت گەشت بکات.

ماهیر، دەڵێت: "گەشتکردن بۆ هیندستان پێویستی بە نزیکەی هەزار دۆلار هەیە، کە بڕێکی خەیاڵییە، ساڵی رابردوو لە عەدەنەوە چووم بۆ قاهیرە نرخی پلیتەکەی 620 دۆلار بوو، هەمان ساڵ لە سعودییە بووم، هەوڵمدا گەشتی قاهیرە بکەم، پلیت بە 170 ریالی سعوودی بوو، هەربۆیە گەشتی ئاسمانی یەمەنی لە جیهاندا گرانترینە".

یەمەنییەكان تەنیا بۆ چارەسەری پزیشكی یان كاركردن و خوێندن گەشت دەكەن، بەڵام بۆیان زەحمەت بووە، داواكارییەكی زۆر بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت ھەیە و كاتێكی زۆریشی دەوێت، كڕینی پلیتی فڕۆكەش، پارەو كاتێكی زیاتری دەوێت، تاكە ھيڵی فڕۆكەوانیش حكومییە، كە بەردەوام لەلایەن ھاووڵاتیانەوە رەخنەباران دەكرێت، بەرپرسانیش بیانووی بۆ دەھێننەوە .

فکری نەزیف، بەرپرس لە وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن دەڵێت: "لە تەواوی وڵاتدا یەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی هەیە، کە پێنج فڕۆکەی هەیە، ئەویش ناتوانێت خزمەتی 30 ملیۆنی دانیشتوان بکات، ئەوەش هۆکاری ئەو قەرەباڵغییە زۆرەیە کە لەکاتی دەرکردنی پاسپۆرت و کڕینی پلیتدا دروست دەبێت".

کێشەیەکی دیکە داخستنی فڕۆکەخانەیە، چونکە لە کۆی 13 فڕۆکەخانەکەی یەمەن، تەنیا دووانیان کاردەکەن، هاووڵاتیان ناچاردەبن لەکاتی گەشتدا، چەندین کاتژمێر ئەم شار و ئەوشار بکەن تا بە فڕۆکەخانە دەگەن .

تەنانەت بۆ یەمەنییەکان ئەو هەلە زۆر سەخت بووە، کە خۆیان لە رەوشی خراپی وڵاتەکەیان دەرباز بکەن، جەنگەکە کاریگەرییەکی زۆری هەیە، رەوشەکە خراپتر دەبێت و هیچ هەوڵێکی باشکردنیشی نییە، وەکو هاووڵاتیان دەڵێن: ئەوە باری ئەوانی قورستر کردووە .