هەندرێن محەمەد: تێچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگاتە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان
هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تێچووی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلارە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 باسی لەوەکرد، رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی 2023 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، ئەم رێکەوتە رۆژێکی گونجاوە و ماوەی نزیکەی هەشت مانگ لەبەردەم کۆمسیۆن و هابەشەکانی کۆمسیۆندا هەیە، بۆئەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان داواش لە پەرلەمانی كوردستان دەكات پرسی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن و یاسای ھەڵبژاردنەكان یەكلایی بكاتەوە.

لەبارەی تێچووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەندرێن محەمەد رایگەیاند، ئەمجارە لەبەرئەوەی تەکنەلۆجیا و بایۆمتری دێتە نێو هەڵبژاردنەوە، بەشێكی ئەو بودجەیە دەبێت لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراقی یەکلایی بکەینەوە، گوتیشی: بودجە و تێچووی هەڵبژاردن تا کەم بێت باشترە، بەڵام بەجۆرێک بێت کە کاریگەری لەسەر کوالیتی نەبێت.

راشیگەیاند، لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر نزیکەی 15 ملیۆن دۆلاریان سەرف کرد، بەڵام ئەمجارە بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە، رەنگە تێچووی هەڵبژاردن بگاتە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە هەمواری یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەندرێن محەمەد ئاشکرایکرد، ئەو بابەتە دوو بەشە، بەشی یەکەم تایبەتە بە کێشە یاساییەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران، کە ئامرازی جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردنی ئەو هەڵبژاردنەیە، ئەوەی دووەم تایبەتە بەو هەموارەی کە حزبە سیاسییەکان داوای دەکەن بۆ یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992 کە تا ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە، گوتیشی: چاوەڕی دەکەین ئەو هەموارەش کۆتایی پێبێت، بەتایبەتی کە دانیشتن و کۆبوونەوەی زۆر بۆ ئەو بابەتە لەنێوان حزبەکان کراوە، هیواخوازیشین لە ماوەیەکی کورتدا رێککەوتن لەسەر ئەو یاسایەش بکرێت، بۆئەوەی بە کردار ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بکەین.

بابەتی یەک بازنەیی یان چوار بازنەیی هیچ گرفتێک بۆ کۆمسیۆن دروست ناکات، چونکە بەپێی یاسا رێکخستنی هەڵبژاردنەکان ئەرکی ئێمەیە.