سەرۆکی ئەمەریکا: دەستمان لە کاروبارە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل وەرنەداوە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە دەڵێن، دەستیان لە کاروباررە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل وەرداوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەستیان لە کاروباری ناوخۆی ئیسرائیل وەردابێت و رایگەیاند:"دەستمان وەرنەداوەتە (کاروباری ناوخۆی ئیسرائیل)، ئەوان هەڵسوکەوتی من، ئەمەریکا و جوولەکە ئەمریکییەکانیش لەمبارەیەوە دەزانن".

جۆ بایدن لە کاتی گەڕانەوەی لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور لەنێو فڕۆکە و دواتریش دوای دابەزین لە فڕۆکە لە واشنتۆن بۆ میدیاکاران دوا.

جۆ بایدن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا نیگەرانە لەوەی بەهۆی چاکسازی دادوەرییەوە خۆپیشاندانی بەردەوام لە ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن، گوتی: "هاوشێوەی زۆربەی پشتیوانانی ئیسرائیل منیش لەوە نیگەرانم. ئیسرائیل بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت. هیوادارم بێنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل واز لە چاکسازی دادوەریی بهێنێت، چونکە ناتوانن ئاوا بەردەوام بن. ئەمەم بە جۆرێک لە جۆرەکان روون کردووەتەوە".

سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکیشدا کە داخۆ بێنیامین ناتانیاهوی بانگهێشت کردووە بۆ واشنتۆن، گوتی: "نەخێر، لەو نزیکانە بانگهێشتم نەکردووە و بە تەلەفۆن گفتوگۆمان نەکردووە، لەڕێگای باڵیۆزخانەکەمانەوە لە ئیسرائیل پەیامم بۆی ناردووە".