وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی تورکیا دەکات
K24 – هەولێر:
ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، رایدەگەیەنێت، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە رۆژانی 6-7ـی نیسان بە سەردانێکی فەرمی لە تورکیا دەبێت.
ماریا زاخارۆڤا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، زانیاریی لەبارەی سهردانی سێرگی لاڤرۆڤ بۆ توركیا له هەفتەی داهاتوودا خستەڕوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە ئاماژەدان بەوەی کە لاڤرۆڤ لە 6-7ـی نیسان لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغڵو دەچێتە تورکیا، گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکاندا، دۆخی هاوکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی بازرگانی، وزە و گەشتیاری، هەروەها ژمارەیەک پرسی دیکە، تاووتوێ دەکرێت".
زاخارۆڤا هەروەها راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پرسە نێودەوڵەتییە هەنووکەییەکان دەکرێت كه لە پاڵ پرسی ئۆکرانیا، پرسهكانی سووریا، قەرەباغ، ئاسیای ناوەڕاست و ئەفغانستانیش گفتوگۆیان لهبارهوه دەکرێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا بەردەوامن.