پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات

مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌
مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌

K24 - هەولێر:

یەکشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات.

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 2ـی نیسانی 2023، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکرێت.

کارنامەی دانیشتنی یەکشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق
کارنامەی دانیشتنی یەکشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق

 

رۆژی دووشه‌ممه‌ (13ـی ئادار/مارسی 2023)، باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند،  ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی په‌سه‌ندكرد و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی كرد بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ 19ـه‌مین پارێزگای عێراق.

هەمان رۆژ، ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پۆستێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیبووی: بە بڕیاری ئەمڕۆی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 13ی ئازاری 2023 رێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کرا، هەڵەبجەکەم بوو بە پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، رۆژی دووشه‌ممه‌ (13ی ئادار/مارسی 2014)، لەلایەن كابینه‌ی هه‌شته‌می حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگاکردن بۆ قه‌زای هەڵەبجە دەرکرد.

رۆژی سێشه‌ممه‌ش (31ـی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2013)، په‌رله‌مانی عێراق هەڵەبجەی وه‌كو پارێزگا ناساند، بەڵام کارەکانی به‌ پارێزگاكردنی ئه‌و كات تەواونەکران.