وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی میسر دەکات

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی میسر دەکات و لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی میسر بکات و لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی سانا، وەزیرانی دەرەوەی سووریا و میسر لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چەندین پرسی دیکەی پەیوەست بە ناوچەکە و جیهان دەکەن.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سووریا بە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی سووریا دێت، دوای 12 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و میسر.