کاردانەوەکان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکە لەلایەن رووسیاوە بەردەوامن

ئیڤان گرۆچۆڤیچە
ئیڤان گرۆچۆڤیچە

K24 - هەولێر:

مۆسکۆ رەخنەکانی رۆژئاوای رەتکردەوە لەبارەی دەستگیرکردنی ئیڤان گێرشکۆڤیچ، رۆژنامەنووسی ئەمەریکی و پەیامنێری رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە مۆسکۆ و تۆمەتبارکردنی بە سیخوڕیکردن بۆ ئەمەریکا.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند: ئەو رۆژنامەنووسە ئەمەریکییە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی سیخوڕیدا گیراوە.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسانی وەک جولیان ئاسانج و مەرات قاسم بکات، کە ئەوەی یەکەمیان پرۆگرامسازێکە کە ماوەی زیندانیکردن لە بەریتانیا بەسەر دەبات، دووەمیان بەڕێوەبەری دەزگای سپۆتنیکە لە لیتوانیا، دوو مانگ لەمەوبەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی لاتڤیا دەستگیرکرا،  تۆمەتی سیخوڕیکردن و پێشێلکردنی سزاکانی سەر رووسیای بەسەردا سەپێنرا.

ئەو رۆژنامەنووسە کە لە سەردانێکیدا بۆ شاری یکاتێرینبۆرگی پایتەختی ئۆرال دەستگیرکراوە، خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی بووە، سەبارەت بە چالاکییەکانی یەکێک لە دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی سەربازی پیشەسازیی رووسیا.

 لە کاتێکدا هاوکارەکانی ئیڤان باسیان لەوە کرد، کە ئەو حەزی لە کۆکردنەوەی شایەتحاڵ و پسپۆڕان و سیاسەتمەداران و هاوڵاتیانە سەبارەت بە چالاکییەکانی گروپی ڤاگنەر، کە پشتیوانی رووسیا دەکات لە شەڕی ئۆکرانیا.

ئیڤان مێلنیکۆڤ، چالاکوانی مافی مرۆڤ کە پسپۆڕە لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی رووسیا، بە رۆژنامەی "کۆمیرسانت" راگەیاندووە، زۆر رووسی هەن کە رفێنراون و بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵاتانی جیاواز و لە ئەمەریکا بە پاساوی تاوانی ئەلیکترۆنی یان ساختەکاری دارایی گیراون، ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دەستپێشخەری بکەن بۆ رادەستکردنەوەی ئیڤان گێرشکۆڤیچ، رەنگە لایەنی رووسی داوای ئازادکردنی چەند هاووڵاتییەکی رووسی بکات، بۆ نموونە ئەلێکساندەر ڤینیک و دیمیتری ئۆکراینسکی و رۆمان سێلێزنێڤ و ڤلادیسلاڤ کلیوشین.

کۆمیرسانت نووسیویەتی: بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی رووسیادا رۆژنامەنووسێکی بیانی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر دەکرێت، بەپێی ماددەی 276ی یاسای تاوانەکانی فیدراسیۆنی رووسیا، تا 20 ساڵ زیندانی دەکرێت.

لە چەند مانگی رابردوودا دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا سێرگی چێرکاسۆڤی هاووڵاتی رووسییان تۆمەتبار کرد بەوەی کە کار بۆ هەواڵگری رووسیا و  ئەنجامدانی چالاکیی نایاسایی لە بوارەکانی ڤیزە و ساختەکاری بانکی و ئەلیکترۆنی کردووە.