داھاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئادار زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی ئاداری رابردوودا، 100 ملیۆن و 913 ھەزار و 27 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە

K24 - هەولێر:

 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئاداری رابردوودا، 100 ملیۆن و 913 ھەزار و 27 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە و کۆی گشتیی داھاتەکەشی گەیشتووەتە سەرووی حەوت ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراو بۆ مانگی ئادار بڵاوکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە لە مانگی ئاداردا، 100 ملیۆن و 913 ھەزار و 27 بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار.

باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی ئاداردا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، 98 ملیۆن و 875 ھەزار و 692 بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن 727 ھەزار و 393 بەرمیل.

لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو، لە مانگی ئاداردا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە 73 دۆلار و 37 سەنت فرۆشراوە.